زارى كرمانجى :
تیمێكی بەرگری شارستانی سۆران بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو كچەی لە ئەحمەدئاوا كەوتە نێو رووبار و تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە چوونەتە ئەو شوێنە.
بەرگی شارستانی هەڵەبجە رایگەیاند ” بەهۆی ئەوەی جوگرافیای سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هاوشێوەی ناوچەكەمانە و ئەزموونی زۆرتریان هەیە و خاوەن كەل و پەلی باشترن داوامان كردووە و بێنە هاوكارمان”.
كاروان میرئاودەڵی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی گووت “دوێنێ لەسەر داوا برادەرانی بەرگری شارستانی راپەرین بە ئاگاداری سەرووی خۆمان تیمێكمان ناردە ئیدارەی راپەڕین و دوای 15 خولەك توانیان تەرمی ئەو هاووڵاتییە 62 ساڵەیە بدۆزنەوە، كە چەند رۆژ پێشتر لە رووبار خنكا بوو”.
كاروان میرئاودەڵی زیاتر روونیكردەوە ” تیمێكی دیكەشمان بەهەمان شێوە لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەڵەبجە و بە ئاگاداری سەرووی خۆمان ناردۆتە ئەحمەدئاوا بۆ ئەوەی هاوكاری تیمەكانی بەرگری شارستانی هەڵەبجە بكە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو كچەی ماوەی چەند رۆژێكە لە ئەحمەدئاوا كەوتۆتە ناو رووبار و تا ئێستا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە”.

































































