مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
روقییە ڕافیدەی تەمەن 11 ساڵان، دانیشتووی شاری كەربەلا، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە نزیك سەرچاوەی چەمی زەڵم لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بێسەروشوێن بووە و گومان دەكرێت كەوتبێتە ناو ئاوەكەوە.
عابدین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە لەمبارەیەوە ڕایگەیاند “دوێنێ تیمەكانمان بۆ ماوەی 5 كاتژمێر بەردەوام بوون لە گەڕان، بەڵام هیچ سۆراغێكی كچەكەیان نەدۆزیوەتەوە.”
دەشڵێت”لە بەیانی ئەمڕۆوە جارێكی دیكە تیمەكان دەستیان بە گەڕان كردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی كچەكە.”
هاوكات پارێزگای هەڵەبجە لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاگاداری گەشتیارانی كردووەتەوە كە ئەمڕۆ ڕێگە بە سەردانیكردنی سەیرانگای ئەحمەد ئاوا و چەمی زەڵم نادرێت بۆ ئەوەی تیمەكانی فریاگوزاری بتوانن بەردەوام بن لە گەڕان بەدوای كچە گەشتیارەكەدا .

































































