” ئەو ئەشكەوتەی ڕواندز كە حوزنی كاری ڕۆژنامەگەری تیادا ئەنجامداوە “
زاری كرمانجی-ڕواندز
م. یاسین برایم، نووسەرو توێژەر بە زاری كرمانجی گووت” ” لە ساڵیادی دەرچوونی ١٠٠ ساڵەی گۆڤاری زاری كرمانجی، لە پانێڵێكی دیدارەكە ئامەدەبووم، باسم لە چوارینەكانی حوزنی موكریانیم كرد، هەر لەوێش نوێترین بەرهەمی خۆم، بەهاوبەشی لەگەڵ دڵشاد خەتات. پێشكەشی ئامادەبووانمان كرد
.
لە كاتی ئامادەكردنی كتێبەكە و بەدواداچوون لەسەر ژیانی تایبەتی حوسێن حوزنی، بۆمان دەركەوت، بەهۆی دروستبوونی كێشەیەك لە نێوان سەیدتەهای شەمزینی، قائیمقامی ئەوسای ڕواندز و حوزنی. قائیمقام بڕیاری دەركردنی سەید حوزنی دەدات، ئەو بەناچاری و لە بێشوێنیان، ڕوو دەكاتە ئەشكەوتێ (كاكەسۆر)، لە گەلیی خاڵەڕەشی ڕواندز، لەوێ كاری ڕۆژنامەگەری دەكات. دواتر بە هەوڵدان و دڵسۆزان، حوزنی دەهێنەوە ڕواندز و لەگەڵ سەید تەها ئاشتدەبنەوە. لەم ئەشكەوتە گەنجێكی ڕواندز بەناوی “عەبدولڕەحمانی فەقێ حەسەن” و كوڕێكی دی ناوی ڕەزا، كاریان لەگەڵ كردووە.
حوزنی، كۆمەڵێك شیعر و چوارینەی نووسیوە، ئەم چوارینانەش لە لایەن عەبدولڕەحمانی فەقێ حەسەن، كە ڕێكخەر و پیتچنینی حوزنی بووە، چواریینەكانی دەكەونە لای و لەبەریان دەكات و دەیانپارێزێت. دواتر لە ڕێگەی كوڕەكەی دڵشاد خەتات، چوارینەكان هەڵدەگیرێت. لەم كتێبە كۆمەڵێك چوارینە و زانیاری نەگۆتراو و نەبیستراو، خراونەتە ڕوو.
لێرەوە پێشنیاز دەكەین٫ لە لایەن شارەوانی ڕواندز و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران، ئەم ئەشكەوتە پارێزگاری لێبكرێت، وەك ئەشكەوتێكی مێژوویی و كلتووری و شوێنەواری مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و ببێتە شوێنێكی گەشتیاری. ئێمە پێمان وایە، ئەم ئەشكەوتە ڕووداوێكی مێژووی گرنگ لە بواری ڕۆژنامەگەری ئەنجامدراوە، تێیدا خزمەتكردنی زمان و ڕۆشنبیری و فەرهەنگ و كولتووری كوردی كردووە.


































































