ئامادەکردنی: د. ئازا کامەڕان
کەشتیوانێک دوای ساڵێک مانەوە لە بۆشایی ئاسمان و تێپەڕاندنی ٢٧ ساڵ کارکردن لە گەڵ ناسا، ئێستا لە تەمەنی خانەنشینیدا دەیەوێت توانای جەستەیی خۆی لە یەکێک لە بەناوبانگترین ڕاکردنی ماراسۆنەکانی جیهاندا تاقیبکاتەوە.
سۆنیتا ویلیامز، کەشتیوانی ئاسمانی ناسراوی ئەمریکی کە خاوەنی مێژوویەکی ٢٧ ساڵەیە لە ئاژانسی ناسادا، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە و خۆی بۆ بەشداریکردن لە ماراسۆنی بۆستن ئامادە دەکات.
سۆنیتا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی “The Boston Globe”ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرچەندە دڵنیا نییە لەوەی بتوانێت پێشبڕکێکە تا کۆتایی ببڕێت، بەڵام ئەم بڕیارەی وەک ئاستەنگێکی کەسیی دەبینێت دوای ئەو هەموو ئەزموونەی لە ژینگەی بۆشایی ئاسماندا هەیبووە.
جێی باسە سۆنیتا لە ئاداری ٢٠٢٥دا لەگەڵ هاوپیشەکەی “بوچ ویڵمۆر” گەڕایەوە سەر زەوی، ئەمەش دوای گەشتێکی زۆر درێژ بۆ وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی کە لە حوزەیرانی ٢٠٢٤ەوە دەستی پێکردبوو. گەشتەکەیان بەهۆی کێشەی تەکنیکیی کەشتیی “ستارلاینەر”ی کۆمپانیای بۆینگ، زۆر زیاتر لەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو درێژەی کێشا.
سۆنیتا خاوەنی تۆمارێکی دەگمەنە؛ ئەو یەکەم کەس بوو لە مێژوودا کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەناو وێستگەی بۆشایی ئاسمان و لەسەر (ئامێری ڕاکردن) بەشداری ماراسۆنی بۆستنی کرد و لە ماوەی ٤ کاتژمێر و ٢٤ خولەکدا تەواوی کرد. ساڵی دواتریش لەسەر زەوی بەشداری هەمان پێشبڕکێی کردەوە.
سۆنیتا کە ئێستا لە قۆناغی خانەنشینیدایە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا خولیای بۆ زانست و گەڕان لە بۆشایی ئاسمان کۆتایی نەهاتووە. ئەو بەشێک بووە لە تیمی پڕۆگرامی “ئارتێمیس ٢” کە ئامانجی گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ دەوروبەری مانگ دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ. ویلیامز پلانی هەیە لە داهاتوودا لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە بواری بۆشایی ئاسماندا کار بکات و پەرە بە پڕۆژە فێرکارییەکان بدات

































































