هەژماری تویتەری سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی كردەوە: “کۆمەڵگەیەکی دیکەی پترۆکیمیایی لە شیراز” کردووەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند” ئەم دامەزراوەیە یەکێکە لەو ناوەندە کەمانەی کە ماونەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی پێکهاتە کیمیاییە گرنگەکان کە لە تەقەمەنی و مووشەکی بالیستیک لە ئێراندا بەکاردەهێنرێن”.
سوپای ئیسرائیل لە بارەی هێرشەکەوە روونكردنەوەی زیاتر خستۆتەڕوو، ئاماژەی بەوەداوە: لە چوارچێوەی ئەم هێرشە ئاسمانییەدا، سوپای ئیسرائیل کارگەیەکی دیکەی پترۆکیمیایی لە شیراز کردە ئامانج کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بەکارهێنراوە بۆ بەرهەمهێنانی ترشی نیتریک، کە ماددەیەکی پێویستە بۆ دروستکردنی تەقەمەنی و ئەو ماددانەی دیکە کە لە پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیکدا بەکاردەهێنرێن”.
لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: “بەم شێوەیە سوپای ئیسرائیل زەربەی لە توانا سەربازییەکانی ڕژێم قووڵتر کردووەتەوە و بە تایبەتی توانای بەرهەمهێنانی ئەو چەکانەی لاواز کردووە کە پشت بەو پێکهاتانە دەبەستن کە لەم کارگەیەدا بەرهەم دەهێنرێن”.
ئەم کۆمپلێکسە یەکێکە لەو چەند ناوەندانەی کە لە ئێراندا ماونەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی پێکهاتە کیمیاییە گرنگەکان کە لە تەقەمەنی و مووشەکی بالیستیکدا بەکاردەهێنرێن، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل گەورەترین وێستگەی پترۆکیمیای ئێران و کۆمپلێکسی پترۆکیمیایی لە مەحشاری کردە ئامانج”.

































































