خاوەن فرۆشگاکان داوای قەرەبوو دەکەن پشووی قوتابخانەکان زیانی پێگەیاندووین
زاری کرمانجی – سۆران :
ئەوکەسانەی فرۆشگای قوتابخانەکانیان گرتۆتەوە، بەشێکیان لە ڕێگەی زاری کرمانجییەوە داوادەکەن وەزارەتی پەروەردە بڕە پارەیەکیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بەهۆی زۆری پشووەکان و داخرانی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن، زیانیان کردووه.
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی خوێندن بکرێتە شێوازی ئۆنلاین، بە زاری کرمانجی راگەیاند” لەوەرزی دووەمی خوێندن 10 ڕۆژ بۆتە پشوو.
بەشێک لە خاوەن فرۆشگاکان ئاماژه بەوەش دەکەن لە وەرزی یەکەمی خوێندنیش چەند پشووێک هەبوون، لەوەرزی دووەمیش بە هۆی نالەبەری کەش و هەوا چەند ڕۆژێک کرایە پشوو، لە دوای هەڵگیرساندنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانیش دەرگای ناوەندەکانی خوێندن داخراو ئەمەش وایکرد زیانی زیاتر بەر خاوەنی فرۆشگاکان بکەوێت.
بەپێی زانیارییەکانی زاری کرمانجی ، وەزارەتی پەروەردە دەیەوێت بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەت بکات و چەند شێوازێکیش پێشنیار کراون بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت.
ساڵانە پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بەشێوازێکی ئاشکرا پەروەردەکان بابەتی بەکرێدانی فرۆشگای قوتابخانەکان ڕادەگێنێت، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت فرۆشگای قوتابخانەکان بە کرێ بگرنەوە، بڕە پارەی پێویست دابنێن بۆ پێدانی فرۆشگای قوتابخانە بۆ ماوەی ساڵێکی خوێندن.

































































