مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی فەرمی كۆریای باكوور، دوێنێ یەكشەممە بڵاوی كردەوە ” كیم جۆنگ ئون، سەرۆكی كۆریای باكوور سەرپەرشتی تاقیكردنەوەی بزوێنەری نوێی مووشەكی سووتەمەنی ڕەق لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی جبەخانەی ستراتیژیی وڵاتەكەی كرد.
شارەزایان ڕایانگەیاندووە “بزوێنەرەكە بۆ كارپێكردنی مووشەكی نوێی بالیستی نێوان كیشوەری (هواسۆنگ-20) دروستكراوە، كە كۆریای باكوور لە مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوودا پەردەی لەسەر لادا، ئامانجی گەیشتن بە ئەمریكایە”.
هۆنگ مین شرۆڤەكاری پەیمانگای كۆریای باشوور بۆ یەكگرتنی نیشتمانی ئاماژەی بەوەدا كە تاقیكردنەوەكە “بڕیاردانی پیۆنگ یانگ بۆ خاوەندارێتی مووشەك كە توانای لێدانی ئامانجەكانی لە هەر شوێنێكی جیهاندا هەبێت” پشتڕاست دەكاتەوە.
ئاژانسەكە بەروار و شوێنی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكەی دیاری نەكردووە، بەڵام ڕایگەیاندووە، كە دەچێتە ژێر “ئامانجی سەرەكی مۆدێرنكردنی توانا هێرشبەرە ستراتیژییەكان”، ئاماژەی بەوەشكردووە، بزوێنەرەكە لە ماددەیەكی پێكهاتەی ڕیشاڵی كاربۆنی دروستكراوە.
ئاژانسەكە لە زاری كیمەوە ڕایگەیاندووە، لە كاتی سەرپەرشتیكردنی تاقیكردنەوەكەدا، تواناكانی بەرگری كۆریای باكوور چوونەتە ناو “گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی”.
































































