مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێكی دا ئاشكرای دەكات كە فڕۆكە جەنگییەكانییان ژێرخانی سەربازیی ئێرانیان لە سێ پارێزگای ستراتیژی بە ئامانج گرتووە و باڵادەستیی ئاسمانیی خۆیان بەسەر ئاسمانی ئەو وڵاتەدا دووپات كردەوە .
لە ڕاگەیاندراوەكەی سوپای ئیسرائیل هاتووە “فڕۆكە جەنگییەكانمان لە تارانی پایتەخت هێرشیان كردە سەر ناوەندەكانی فەرماندەیی و دەیان بۆمبیان بەسەر كۆگاكانی درۆن، مووشەكی بالیستیكی و بەرگریی ئاسمانیی ئێراندا بەرداوەتەوە.”
هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی ئێران و پێگەیەكی تایبەت بە مووشەكی بالیستیكی لە پارێزگای شیرازییان كردووەتە ئامانج و لە تەورێزی باكووری ئێرانیش هەر وەكوو لە ڕاگەیاندراوەكەی سوپای ئیسرائیل هاتووە “فڕۆكەكان سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی شارەكەیان بۆردوومان كردووە بە تەواوی تێكیان شكاندووە.”
































































