ئەمڕۆ کابینەی ئەمنی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بینیامین نەتانیاهۆ بۆ تاوتوێی کردنی ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی راپۆڕتێكی رۆژنامەی وای نێتی ئیسرائیلی” کابینەی ئەمنی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەكشەممە 22-2-2026، بە سەرۆکایەتی بنیامین نەتانیاهۆ کۆدەبێتەوە و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تاوتوێ دەکەن.
وای نێت بڵاویکردۆتەوە، ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرش لە کۆتایی هەفتەدا ئامادەکردبوو، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە ڕوون بووەوە کە هەر هێرشێک بۆ وادەیەکی دیارینەکراو دواخراوە – هەرچەندە پێدەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رووبدات.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە دوایین كۆبوونەوەی نێوان ئیران و ئەمریكا لە جنێڤ هەواڵی بوونی ناکۆکی قوڵ لە هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی نێوانیان بڵاو بوویەوە ئەمەش دۆخەكەی ئاڵۆزتر کردووە.
بەپێی قسەی ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای واشنتۆن، ئێستا سەرکردایەتی ئێران لاواز بووە و لە ژێر فشاری ئابووری و سیاسیدایە و دەکرێت ئەم هەلە بقۆزرێتەوە بۆ ئیمتیازاتی زیاتر.
هەرچی لایەنی ئیرانیشە، لە لایەن بەرپرسانەوە وەڵامی هەڕەشەكانی ئەمریكا دەدەنەوە و ئامادە نین بچنە ژێر باری داواكارییەكانی ئەمریكا، هەتا ئەگەر نرخەکەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیش بێت.
بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام پێداگرییان لەوە کردووه که ئیسرائیل هاوکاری ئەمریکا دەکات لە ئەگەری هەر هێرشێکدا و بەرپرسیارییەتییەکان دابەشدەکرێن لە نێوان هەردو وڵاتدا.

































































