وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، گرفتی پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دروست بووە و بە شێوەیەکی کاتی کاریگەری لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەبووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتی کارەبا، ئێستا تیمەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە تەکنیکییەن کە دروست بووە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کارەکان بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کێشەکە بە تەواوی چارەسەر بکرێت و دۆخی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان ئاسایی ببێتەوە.

































































