کەناڵی 14 بڵاویکردەوە، لە میانی کۆبوونەوەی براد کوپەر لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان لەسەر ئامادەیی واشنتۆن کردەوە بۆ ئەنجامدانی “ئۆپەراسیۆن” دژی ئێران لە هەر کاتێکدا، هەرچەندە دەڵێن ئامادەیی تەواو بۆ شەڕێکی سەرتاسەری پێویستی بە کاتێکی زیاتر دەبێت بۆ ئامادەکاری.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، فەرماندەی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە ڕوونیکردەوە کە لۆژیکی ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا لەسەر بنەمای کردەوەیەکی “کورت و خێرا و پاک” بووە و تەرکیزی سەرەکی، ئەگەر بڕیارێک بدرێت، ئەنجامدانی هێرشێکی سنووردار و ئامانجدار دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، لایەنی ئەمریکا گۆڕانکاریی ڕژێمی لە ئێراندا بە “پێویستییەکی بنچینەیی” وەسف کرد و ڕایگەیاند کە لە ئەگەری کردەوەی سەربازی، ئامانجی ئەگەری ئەو دامەزراوە و کەسانە دەگرێتەوە کە واشنتۆن دەڵێت ڕۆڵیان لە سەرکوتکردنی توندی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەراندا هەبووە؛ بەشێک لە حکومەت کە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە.
لەبەرامبەردا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) بە جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند، واشنتۆن ڕێگە نادات هیچ زیانێک بە هاوپەیمانەکانی بگات، لەنێویاندا ئیسرائیل.

































































