زاری كرمانجی-سۆران
نرخی نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕی قەزای ناوەندی سۆران ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد، نەوت فرۆشێك هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات و دەشڵێت، ئەو نەوتەی حكوومەت لە ڕێگەی بریكارەكانی خۆراك دابەشی دەكات بەسەر هاووڵاتییان كوالێتەكەی زۆر باشە.
مەغدید ئۆمەراوەیی، نەوت فرۆش لە بازاڕی قەزای ناوەندی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” لەماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا نرخی نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕ ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، دوو جۆرە نەوتیش لامان دەفرۆشرێت نرخی باشەكەی بەرمیلی بە 170 هەزار دینارە، ئەوەی دیكەش بەرمیلی بە 165 هەزار دینارە”.
ئۆمەراوەیی ئاشكراشی دەكات: “ئەگەرچی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو نرخی نەوتی سپی لە بازاڕ ڕوو لە دابەزین بوو، بەڵام جارێكی دیكە ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، هۆكارەكەشی هاتنی كەمی نەوتە لە شارەكانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەو نەوتەی حكوومەت لە ڕێگەی بریكارەكانی خۆراك دابەشی دەكات كوالێتەكەی زۆر باشە، لە زۆربەی ئەو نەوتە باشترە كە كەسانێك لە بازاڕ دەیفرۆشن.

































































