زاری كرمانجی-سۆران
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-10-2025 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێوڕەسمی بەردی بناغە و دەستپێكردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزاییی هەولێر بەڕێوەچوو.
لە بەشێكی قسەكانیدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: ” لە بەرنامەكانی ئێمەدا بووە لە پێشتریش كە ئابووریی هەرێمی كوردستان فرەچەشن بكەین، تاك و تەنیا ئێمە هەموو پشت بە نەوت و غاز نەبەستین یاخود تەنیا لە كەرتێكەوە بەرەو پێشەوە بڕۆین، ئێمە لە هەموو كەرتەكان هەوڵی ئەوەمان داوە گرنگی پێ بدەین و بەرەو پێشەوەی ببەین. چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بینیتان كە پرۆژەی گەشتوگوزاری هەبووە، بابەتی ژێرخانی ئابووری لە هەموو روویەكەوە، دروستكردنی رێگەوبانە.
گووتیشی: بەڵام لە رووی ژینگەپارێزییەوە دیسان ئێمە گرنگییەكی زۆری پێ دەدەین هەم بۆ سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتیان، هەم دەكرێ ببێ بە سەرچاوەیەكی داهات بۆ هەموو هاووڵاتیانیش و ژینگەیەكی تەندروستتر، ژیانێكی تەندروستتریش بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر دەكات.

































































