بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی کەرنەڤاڵی بانگەشەی پشتیوانی سەرخستنی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.
نێچیرڤانی بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی پشتیوانی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر سەرەتای گوتارەکەی گوتی: زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی ئەندامانی ڕێکخراو و سەندیکاکان قسە دەکەم، کە بە دڵنیایەوە ڕۆڵیکی زۆر گرنگ دەگێڕن لەنێو کۆمەڵگەکەماندا.
گوتیشی: ئێوە ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن، هەم لە هەڵبژاردندا هەم لە پارتایەتیدا، دڵسۆزی ئامادەبوونتان دیار و بەرچاوە و مایەی سەرفرازی و مایەی دڵخۆشی هەموومانە.
گوتیشی: ڕێکخراوەکانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان، قوتابخانەی زۆر لە سەرکردەکانی ئەمڕۆی کوردستانن؛ ئێوە بە پارتایەتی و کاری دڵسۆزانە بۆ گەل و نیشتمان، ڕێگەتان دروست و بە دڵنیاییەوە ئایندەی ئێوەش گەشە، ئایندەی پارتیش بە دڵسۆزی و پشتیوانی ئێوە گەشە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەیدا، پارتی بۆ داهاتووی خۆی چاوی لەم گەنجانەیە کە داینەمۆی ڕێشەیی بەڕێوەبردنی هەر حزبێکن، هەربۆیە پارتی چاوی لەوەیە لە هەموو هەڵبژاردنەکان و هەموو ئەو قۆناغانەی دێنە پێش بە گڕوتینێکی زیاتر لە جاران پارتەکەی خۆیان سەربخەن و دڵی دۆستان شاد و دڵی ناحەزانیش بێئومێد بکەن.
گوتیشی: منیش لە ڕێکخراوی قوتابیان و لاوانەوە دەستم پێکرد و گەیشتنیە ئێرە، دڵنیام ئێوەی ڕێکخراوەکان بەهێز دەبن، ئێوە هێزی تایبەت و نوێی پارتین، هەربۆیە لیستی 275ـی پارتی ئەمجارە بەهێزی ئێوەی ڕێکخراوەکان و پەنابەخوا دەبێت لیستی یەک ملیۆنی.
https://www.facebook.com/plugins/video.php?height=314&href=https%3A%2F%2Fwww.facebook.com%2Fkurdistan24%2Fvideos%2F1469844247635612%2F&show_text=false&width=560&t=0
12ـی ئەم مانگە، بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتی، بانگەشەی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر دەستی پێکرد، جگە لە كاندیدەكانی پارتی، ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پارتی ئامادەی کەرنەڤاڵی جەماوەریی بۆ پشتیوانی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون.
بۆ هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق کە بە شەشەمییەتی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 275 بەشدارە کە بڕیارە 11ی مانگی داهاتوو دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەنگدەرانی هەرێمی کورستان بەمشێوەیە دابەشبوون:
هەولێر: كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە (ملیۆنێك و 87 هەزارو 880) كەس، دەنگدەری گشتیی (ملیۆنێك و 2 هەزار) كەس دەنگدەری تایبەت (85 هەزارو 793) كەس.
سلێمانی: كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ( ملیۆنێك و 201 هەزارو 846) كەس، دەنگدەری گشتیی (ملیۆنێك و 119 هەزارو 111) كەس، دەنگدەری تایبەت (82 هەزارو 547) كەس.
دهۆك: كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ( 778 هەزارو 846) كەس، دەنگدەری گشتیی (722 هەزارو 853) كەس، دەنگدەری تایبەت (55 هەزارو 993) كەس.

































































