
سەنار شێرۆكی-ماستەر لە یاسای گشتی
ناونانی شوێنێك بە ناوی “رێرەوی پێشمەرگە” لە شارێكی گرنگی وەك پاریس، پایتەختی فەرەنسا و یەكێك لە ناوەندە ڕۆشنبیری و سیاسییە كاریگەرەكانی جیهان، دیارییەكی بەنرخ و پەیامێكی گەورەیە بۆ خەباتی پێشمەرگە و قوربانییەكانی گەلی كورد بە گشتی. ئەم هەنگاوە، جگە لە ناساندنی زیاتری دۆزی كورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەتوانێت ڕۆڵی پێشمەرگە وەك هێزێكی بەرگری پارێزەری ئاشتی و مرۆڤایەتی لەناو هەموو ئەو هێزە چەكدارانەی تردا بەڕوونی جیا بكاتەوە كە لە ناوچەكەدا هەن.
پێشمەرگە مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە لە بەرگری لە خاك و كەرامەتی گەلەكەی، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و تیرۆر. لە ماوەی ڕابردوودا، بەتایبەتیی لە شەڕی دژی داعش، پێشمەرگە بووە بە هێزێكی سەرەكی لە تێكشاندنی ئەو گرووپە تیرۆریستییە، كە هەڕەشەیەكی گەورە بوو بۆ سەر ئاساییشی جیهان. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پێشمەرگە ببێتە جێی ستایشی زۆرێك لە وڵاتانی جیهان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
لە بەرانبەردا، هەندێك لایەنی سیاسی و وڵاتانی دراوسێ هەوڵ دەدەن پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی تری عێراق، وەك حەشدی شەعبی، یەكسان بكەن. بەڵام جیاوازییەكی بنەڕەتی هەیە لەنێوانیاندا. پێشمەرگە هێزێكی نیشتمانییە، خەباتەكەی بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كورد و بەرگری لە خاكەكەیەتی، لە كاتێكدا حەشدی شەعبی هێزێكی چەند لایەنەی شیعەگەراییە و زۆر جار تۆمەتی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و كردەوەی نایاسایی دەدرێتە پاڵ. ناونانی شوێنێك بە ناوی “رێرەوی پێشمەرگە” لە پاریس، ڕوونی دەكاتەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەنێوان ئەم دوو هێزەدا جیاوازی دەكات و بە چاوێكی جیاواز سەیری پێشمەرگە دەكات.
هەڵبەتە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە پێشمەرگە لە پێویستیی نیشتمانیبوون و پڕۆفیشناڵبوون بە دامەزراوەییبوونی كەم بكرێتەوە. بە پێچەوانەوە، پێویستە پێشمەرگە وەك هێزێكی نیشتمانی كوردستانی، پابەند بێت بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و دوور بخرێتەوە لە ململانێ و كاریگەریی پارتە سیاسییەكان. ئەم هەنگاوە نێودەوڵەتییە دەتوانێت پاڵپشتییەكی گەورە بێت بۆ ئەم ئاڕاستەیە و یارمەتیی پێشمەرگە بدات كە بەردەوام بێت لە خزمەتكردنی گەلەكەی بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ و نیشتمانی.

































































