
ئازاد جندیانی
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، مالک ئەلرووقی، پێشکەشکەری بەرنامەی (السطر الاوسط) لە کەناڵی (ئێم بی سی)ی سعوودی، دیدارێکی یەک سەعاتیی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ساز دا. تیایدا لەمەڕ زۆر بابەتی باڵکێشی سیاسی و مێژوویی پرسیار لە دید و خوێندنەوە و گێڕانەوەکان و هەڵوێستی سەرۆک کرا.
لەمیانی بەرنامەکەدا، بە پشتبەستن بە دیکۆمێنت، سەبارەت بە چەندین ڕووداوی گرنگ ڕاپۆرتی ڤیدیۆیی تێهەڵکێش کردبوو. یەکێک لەو بابەتە گرنگانە مەسەلەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو (٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧)، کە پێشکەشکەرەکە لەبارەیەوە پرسیارگەلێكی لە سەرۆک پرسی و بەڕێزیشیان ڕاشکاوانە و ڕوون و بێ پێچ و پەنا وەڵامی پرسیارەکانی لەمەڕ ڕیفڕاندۆم دایەوە. وەک چۆن لەبارەی پرسیارەکانی دیكەیشەوە ڕوون و ڕەوان قسەی کرد، بەڵام من گەرەکمە لەم پەراوێزەمدا بۆ هەڤپەیڤینەکە سەرنجی خوێنەران بۆ چەند خاڵێکی گرنگی پەیوەست بە ڕیفراندۆم ڕابکێشم.
پێشکەشکارەکە لەمیانی دەستپێکی بەرنامەکەیدا، سەرۆک بارزانیی بە (پاسەوانی خەونەکەی کورد) ناودێر کرد، کە مەبەستی خەونی سەربەخۆییە. بەرلەوەی بۆچوونی سەرۆک لەبارەی ئەو ناودێرکردنەی میدیاکارەکە ئاماژە پێ بدەم، ئەمەوێ زۆر کورت لەبارەی ئەو دەستەواژەیە بدوێم کە سەربەخۆیی کورد بە خەون دەچوێنێ، جاری واش بووە لەناو خودی بازنەی دەستەبژێری باڵای سیاسی و ڕۆشنبیریی کوردیشدا لە ئاستی دەربڕین و بگرە لە کردارەکیشدا هەر بە خەون نەماوەتەوە، بەڵکوو بۆ ناساندنی وەک کارێکی موستەحیل بە خەونی شاعیرانەش ناو براوە، کە بەداخەوە خوالێخۆشبوو مام جەلال داهێنەری ئەو چەمکە نائومێدکەرە نەخوازراوە بوو.
.
ڕۆژگارێکی دوورودرێژ لەلایەن نەتەوە و دەسەڵاتی کولتووری و فەرمانڕەوایی داگیرکەرەکانی کوردستانەوە، نەک هەر مەسەلەی سەربەخۆیی، بەڵکوو هەبوونی نەتەوەیەکیش بە ناوی کوردەوە وەک خەونیش ناو نەبراوە، بەڵکوو وەک هەر لەئارادانەبوویەک، بێدەنگیی لێ کراوە. هێشتاش دوژمنانی داگیرکەر و نەیارانمان بە تەواوی بیرکردنەوە و کردار و باوەڕیانەوە دژی سەربەخۆیی کوردستانن، بەڵام لەمە ئازاربەخشتر و هەڕەشەسازتر ئەوەیە کە ناپاک و لەگەڵیشیاندا سادەبین و هەڵخەڵەتاوانی نێوخۆمان بوونەتە کرمی کلۆرکردنی درەختی سەربەخۆیی کوردستان و بێهیواکردنی کوردەواری.
بە مەبەست، یان بێ مەبەست، کە ڕەنگیشە لە شارەزانەبوونی میدیاکارەکە بووبێ لەو کاردانەوە و هەستیارییە دەروونییە نەرێنییانەی کە وێچوواندنی سەربەخۆیی کورد (کوردستان) بە خەون لای زۆرینەی کورد دەوڕووژێنێ. پێشکەشکارەکە لەسەرەتاوە وەک پیاهەڵدانێک سەرۆک بارزانیی بە (پاسەوانی خەونەکەی کورد) ناودێر دەکا، بەڵام لەوبەشەی هەڤپەیڤینەکە دەگاتە بابەتی ڕیفراندۆم و کاردانەوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەرامبەری، سەرۆک لێبڕاوانە ڕایگەیاند، کە ئەم نەوەیەش سەربەخۆیی دەستەبەر نەکا، نەوەکانی داهاتوو سەربەخۆییان دەست دەکەوێ و بە ڕاشکاوییەوە دانی بەوەدا نا، کە لە ڕیفراندۆمدا نەک بۆ خەون، بەڵکوو بۆ ئەو مافە (سەربەخۆیی) بناغەی پتەویان دانا.
بێگومان ئەمەش بەو مانایەیە، کە لە دید و دنیابینی و باوەڕی سەرۆک بارزانیدا سەربەخۆیی کوردستان هەرگیز خەون نییە، بەڵکوو ئەو ڕاستییە مێژووییەیە کە بەبێ دوودڵی وەدی دێ. واتا سەرۆک بارزانی پاسەوانی (مافی سەربەخۆیی)یە نەک (خەونی سەربەخۆیی). کەواتە ئەرکی نەتەوەیی بۆ سەربەخۆیی هەر ئەنجامدانی شکۆمەندانەی ڕیفراندۆم و ئەو پشتیوانییە بێوێنەیە نییە، کە ٩٣٪ خەڵکی کوردستان بە (بەڵێ) دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، بەڵکوو ئەرکێکی پیرۆزی دیكە ئەوەیە لەناو ئەم هەموو دوژمن و هەڕەشانەدا ئەو مافی سەربەخۆییە بپارێزین.
بۆیە من لە سەرەتای ئەم ئەیلوولەدا کە مانگی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و مانگی یادکردنەوەی پڕ شانازی و شکۆ و نەمریی ڕیفراندۆمە، دۆستانە هاوکارییەکی میدیاکارەکەی (ئێم بی سی) دەکەم و پێی دەڵێم (سەرۆک بارزانی، پاسەوانی مافی سەربەخۆیی کوردستانە).

































































