مەریوان حەسەن : ئەو گەنجە سەركەوتووە كە لە نێو دونیای ڕەشبینی دا ڕووناكی دەدۆزێتەوە
ڕەسول حەمەد : ڕەشبینی هەموو پایەكانی سەركەوتن وردوخاش دەكات
مستەفا ڕەسول : ڕەشبینی زیندانی گۆشەگیركردنی گەنجانە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەشێك لە گەنجان ڕەشبینی وەك دوژمنێكی سەرسەخت لە هەمبەر خۆیان دەبینن و پێیان وایە كە بەربەستێكی گەورەیە لە بەردەم ژیان و ئامانج و ئاواتەكانیان .
مستەفا ڕەسول، ڕەشبینی بە زیندانی گۆشەگیركردنی گەنجان ناوی دەبات و دەڵێ “ڕەشبینی گەنجان بەرەو داخراوی و گۆشەگیری دەبات و دواتریش تووشی لاوازی و نەهامەتی و هەڵدێرانیان دەكات،” مستەفا باس لەوەش دەكات كە پێویستە گەنجان بە ئیرادەیەكی بەهێز و ژیانێكی پڕ لە ئومێدەوە كۆشش بكەن و دەڵێ “ژیانێكی پڕ لە ئیرادە و ئومێد و هیوا، ڕێگا دروستەكەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ڕەشبینی،”
جەخت لەوەش دەكاتەوە گەنجانی ڕەشبین هەمیشە لە دڵەڕاوكێ و نیگەرانی ژیان دەكەن و ڕووبەڕووی خەمۆكی و بێ ئومێدی دەبنەوە و دەشڵێت “گەنجانی ڕەشبین هەمیشە هەست بە دڵەڕاوكێ دەكەن و لە حاڵەتێكی تەواو پەرێشان و پڕ لە گومان ژیان دەكەن و ڕكیان لە هەموو شتێكی دەوروبەر دەبێتەوە و بە چاوی ترسەوە لە هەموو شتێك دەڕوانن.”
مەریوان حەسەن، پێی وایە ئەو گەنجانەی تووشی ڕەشبینی هاتوون ترسیان لە هەموو شتێك هەیە و دەڵێ “ترس لە شكست و دووركەوتنەوە لە بەرەنگاری، نیشانەی ڕەشبینیە، بۆیە ئەو گەنجانەی تووشی ڕەشبینی بوونە ترسیان لە هەموو شتێك هەیە و هەرگیز ناخوازن شتێكی نوێی لە ژیانی خۆیاندا تاقی بكەنەوە،”
مەریوان ئامۆژگاری گەنجان دەكات لە جیاتی ڕەشبینی گەشبین بن و دەڵێ “پێویستە لە ناخۆشترین ساتەكانی ژیان دا هەمیشە گەشبین بین، چونكە گەشبینی وەك چرایەكی ڕۆشن وایە هەموو ڕێگا تاریكەكانی ژیان ڕووناك دەكاتەوە و ناهێڵێت لە هیچ كاتێكدا بكەوین،” دەشڵێت “ئەو گەنجە سەركەوتووە كە لە نێو دونیای ڕەشبینی دا ڕووناكی دەدۆزێتەوە.”
ڕەسول حەمەد، جەخت لەوە دەكاتەوە كە ڕەشبینی هەموو پایەكانی سەركەوتن وردوخاش دەكات، بۆیە دەڵێ “ئەو گەنجانەی ڕەشبینی بووەتە میوانیان، هیچ كاتێك ناتوانن لە ژیانی خۆیان سەركەوتوو ببن،” دەشڵێت “بۆ ئەوەی گەنجان نەكەونە نێو داوای ڕەشبینییەوە پێویستە هیوا و متمانە و گەشبینی لە دەست نەدەن، چونكە ئەوە دەرفەتێكی باشە بۆ زاڵبوون بە سەر ڕەشبینی،”
ڕەسول دەشڵێت “منیش پێشتر بە نێو ئەو بارودۆخە تێپەڕ بوومە و ماوەی دوو ساڵێك بە دەستییەوە گرفتار ببووم، بەڵام ئیدی ڕێگە ڕاستییەكەم دۆزییەوە و هەوڵمدا بە زوویی بەسەر ڕەشبینی زاڵ ببم و لە خۆمی دوور بخەمەوە، چونكە ژیان تەنیا بەشێك نییە لە شكست، بەڵكوو سەركەوتنیش هەیە، تەتیا پێویستە خۆڕاگر بین و بەردەوام بین لە تێكۆشان بۆ هێنانەدی خەونەكانمان.”
پێشتریش زانایانی فینلاند لە لێكۆڵینەوەكەیاندا ڕاگەیاند “كە ڕەشبینیی هیچی كەمتر نییە لە نەخۆشییەكانی شەكرە و گیرانی خوێنبەرەكان و دڵ و یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی مردن.”

































































