زاری كرمانجی – سۆران
بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سۆران، ڕایدەگەیێنێت، لە ئێستادا تیمەكانی پڕۆژەی ڕووناكی لە ئیدارەی سۆران دەستیان بەكارەكانیان كردووە و تاكۆتایی مانگی 10 تەواوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كارەبای دەبێتە 24 كاتژمێری .
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەی گشتیی كارەبای سۆران، بۆ زاری كرمانجی، ئاشكراشی كرد:” قەزای ناوەندی سۆران دابەشكراوە بۆ هەشت زۆنی كاركردن كاتێك لە تەواوی زۆنەكان كارەكان تەواو بوون ئەو كات كارەبا دەبێتە 24 كاتژمێری، دوای سۆرانیش لە رواندز كارەكانی پڕۆژەی رووناكی دەستپێدەكات و هەر شوێنێكیش پێوەری زیرەكی لێ بەسترابێت لە پێشینەدا تیمی پڕۆژەی ڕووناكی كاری تێدا دەكات .
گووتیشی:” تاكو كاری تیمەكان لە تەواوی گەڕەكانی سۆران تەواو نەكرێت، كارەبای 24 كاتژمێری نادرێتە هاووڵاتییان، واتە لە هەر گەڕەكێك كارەكان تەواو بوون مانای ئەوەنییە راستەوخۆ كارەبا ببێتە 24 كاتژمێری، بەڵكو تا تەواوی گەڕەكەكان تەواو نەبن كارەبای 24 كاتژمێری كاری پێ ناكرێت، دواتر حكومەت بەفەرمی رایدەگێنێت كەوا كارەبای سۆران بووە 24 كاتژمێری”.
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشێوەیەكی گشتی 87 هەزار و 450 هاوبەش بوونی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا 193 مۆلیدە بوونیان هەیە و زۆرترین مۆلیدەش لە قەزای ناوەندی سۆرانن و كەمترینیش لە سیدەكانە، لە دوای گەیشتنی كارەبای 24 كاتژمێری سەرجەم مۆلیدەكان دەكوژێندرێنەوە.

































































