د. ئازا كامەران – زاری كرمانجی:
یەكێتی تۆپی پێی كوردستان یەكێكە لە دامەزراوە وەرزشییە سەرەكییەكانی هەرێم، بۆیە پێویستە بۆ داهاتوو بیر لەوە بكرێتەوە ئەندامانی بە شێوەی هەڵبژاردن دیاری بكرێن بۆ ئەوەی زیاتر ڕەنگدانەوەی یانە وەرزشییەكان بێت لە سەرتاسەری كوردستان، لە ئێستادا لە ڕووی ئیدارە و بەڕێوەبردنەوە هەموو یانەكان لە هەرێمی كوردستان ئەندامانی ستافی كارگێڕییان بە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازاد و شەفافەوە دیاری دەكرێن بۆ ماوەی چوارساڵ، بێگومان ئەم ڕۆشەنبیرییە جوانە دەرفەتی بەشداریكردن بە هەموو كەسێك دەدات لە بڕیاردان و زەمینەی گۆڕانكاری وەرزشی و پێشكەوتن دروست بكات لە یانەكان و بواری وەرزشی.
جێگای خۆشحاڵییە هەموو یانەكانی كوردستان لە ئاستی جیاجیادا، بە پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی دیموكراسی و شەفافی، ئەندامانی كارگێڕییان بە هەڵبژاردن دیاری دەكەن لە ژێر چەتری بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی كوردستان كە ئەمەش جێگای دەست خۆشی و پێشكەوتنی وەرزشییە لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە.
بۆیە پێویستە لە داهاتوو یەكێتی تۆپی پێی كوردستان پێش سەرجەم دامەزراوە وەرزشییەكان نموونەی دیمۆكراسی و هەڵبژاردن بێت بۆ وەرزشی كوردستان، ئەندامانی كارگێڕی ئەم یەكێتییە بە ڕێگای هەڵبژاردن دیاری بكرێن بە ویستی ئەندامانی یانە وەرزشییەكانی كوردستان.
ئەگەر چاومان بخەینە سەر ئەزموون و تەجروبەی وڵاتانی دونیا، دەبینین كە هەموو ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێیەكانی جیهان بە پرەنسیپی هەڵبژاردنی ئازاد كار دەكەن و دیاری دەكرێن، لە یەكێتی تۆپی پێی ئینگلیزەوە تا یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا، هەموویان ئەندامانی كارگێڕییان بە ڕێگای دەنگدانی نوێنەری یانەكان دیاری دەكەن، ئەم شێوازە مۆدێرنە وای كردووە كە ئەو یەكێتییانە بتوانن پێشكەوتنی بەردەوام بەدەستبهێنن و خزمەتگوزاری باشتر پێشكەش بكەن بە وەرزش لە وڵات دا.
بە دڵنیاییەوە نەبوونی هەڵبژاردن لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆی لەسەر كوالیتی بەڕێوەبردن و پێشكەوتنی وەرزشی دروست دەكات و لە داهاتوو دەرەنجامە نێگەتیڤەكانی دەبینین، چونكە ئەندامانی كارگێڕی لە ڕێگایەكی دیكە دێن نەك بە هەڵبژاردن.
ئەم جۆرە شێوازە كاركردنە لە بەشێك لە دامەزراوە وەرزشییەكانی هەرێم وایكردووە كە زۆر لە پرۆگرام و پلانەكان بەبێ پشكنینی ورد جێبەجێ بكرێن، و هەڵەكان دووبارە ببنەوە.
كاتی ئەوە هاتووە كە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان هەنگاوێكی مێژوویی بنێت و خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ستانداردەكانی سەدەی بیست و یەكەم، پێویستە ئەم یەكێتییە ئەندامانی كارگێڕی خۆی بە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازاد و شەفافەوە دیاری بكات، هەروەك چۆن هەموو ئەندامانی كارگێڕی یانەكانی هەرێمی كوردستان ئەم كارە دەكەن، چونكە هەڵبژاردن یەكێكە لە ڕێگاكانی پێشكەوتنی ڕاستەقینە و بەرهەمهێنەری باشتر لە سێكتەری وەرزشی كوردستان بۆ داهاتوو.

































































