زاری كرمانجی-سۆران
لە بەهاری 16ی نیسانی 1997 ڕژێمی بەعسی لەناوچوو بە شێوەیەكی دڕندانە چەند فڕۆكەیەك دۆڵی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتییان كیمیاباران كردوو سەدان شەهید و قوربانی لێكەوتەوە.
بۆ یادكردنەوەی ئەو ڕۆژە كارەساتبارە سیمپۆزیۆمی (تاڵاوی ئەنفاڵ برینێك لە مێژوودا، بانگەوازێك بۆ دادپەروەری) كە لە زانكۆی سۆران بەڕێووەچوو، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران ڕایگەیاند: “دەبێت حكوومەتی عێراقی فیدراڵ چیتر پرسی قەرەبووكردنەوەی زیانڵێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات”.
لەبەردەوامی قسەكانیدا كەریم كارە بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، جەختی لە داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان و كەسوكاری قوربانییانی ئەنفال و جینوساید كردەوە و باسیشی لە پێویستی ئەوە كرد، كە دەبێت حكوومەتی عێراقی چیتر پرسی قەرەبووكردنەوەی زیانڵێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراق، بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەڵبستێت”.
بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو: ” تاوانی ئەنفال برینێكی ساڕێژ نەبووی گەلی كوردستانە، كە ڕژێمی پێشووی عێراق بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە هەوڵی سڕینەوە و قڕكردنی گەلی كوردستانی دا.
هەروەك ساڵانە لەشار و شارۆچكەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە چاندنی نەمام و هەڵمەتی ژینگە پارێزی و چەندین چالاكی جۆراو جۆر، یادی شەهیدان و قوربانیانی كارەساتی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسانان و خۆشناوەتی دەكرێتەوە، ئەمساڵیش فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، بەسازكردنی سمینار و كردنەوەی پیشانگە و هەڵمەتی نەمام چاندن یادەكەی بەرز ڕاگرت”.
وەك ڕێزگرتنێك لە شەهید و قوربانیانی كارەساتەكە پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی رۆژی 7ی نیسانی ساڵی 2008 بە بڕیاری ژمارە یەكی ساڵی 2008، رۆژی 16ی نیسانی هەموو ساڵێكی بە رۆژی ژینگەی كوردستان دیاری كرد”.

































































