سەد هەزار دینارەکە دەگەڕێتەوە
زارى کرمانجى:
بە گوێرەی هەواڵی میدیاکان وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی داوە لەسەر گەڕانەوەی مینحەی ١٠٠ هەزار دینارەکەی خانەنشینانی هەرێم.
میدیاكان لە زاری سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیران بڵاویان کردەوە، وەزارەتى دارایی عێراق رەزامەندیی لەسەر گەڕانەوەى مینحە ١٠٠ هەزار دینارییەکەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان داوە.
جێگەى ئاماژەیە ئەم بڕە پارەیە لەسەری ساڵەوە براوەو پێشتریش سادق عوسمان وتەبێژی خانەنشینان ئاشکرای کردبوو کە “ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی هەرێم داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە جارێکی دیکە ئەم بڕیارە هەرێـمی کوردستانیش بگرێتەوەو پێشبینی دەکرێت بۆ مانگی چوار بڕە پارەکە بگەڕێتەوە”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە “پێنجشەممە لیستی مووچە ئامادە دەبێت و هەفتەی داهاتوو رەوانەی بەغدا دەکرێت”.
سەرچاوە باڵاکە ئاماژەی بەوەشکردووە “دەبێت تا رۆژی پێنجشەممە هەموو گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی چواریان لە فەرمانگە و وەزارەتەکان وەرگرتبێت و بەئامادەکراوی رادەستی وەزارەتی دارایی بکەن، چونکە دەیانەوێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی چوار بێ کەموکورتی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن”.
ئەوەشى ئاشکردووە “هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، تیمی تەکنیکی وەزارەت لیستەکە دەبەنە بەغدا و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن، دڵنیاشن لەوەی کە هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردن و دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا نابێت”.

































































