زاری كرمانجی – سۆران :
ڕۆژنامەنووس ڕەزا الماوی پەیامنێری بی بی سی عەرەبی، لە ڕاپۆرتێكی دا تیشك دەخاتە سەر چارەنووسی هەزاران منداڵی ونبووی سووریایی و دەڵێت دوای یەك مانگ لە ڕووخانی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد، پرسیارێكی ترسناك بەردەوامە لە سەر مێشكی خێزانە بێشومارەكانە كە منداڵە ونبووەكانی ئەم وڵاتە چییان بەسەر هاتووە ؟
ڕەزا لە ڕاپۆرتەكەی دا ئاماژە بەوە دەكات “شەڕێكی ناوخۆ كە زیاتر لە دە ساڵ بەردەوام بوو، شوێنەواری قووڵی بەجێهێشت، نەك تەنیا بە مردن و لەناوچوون، بەڵكوو بە دیار نەمانی هەزاران منداڵیش كە بەشێكی زۆریان لەگەڵ خێزانە دەستبەسەركراوەكانیان بێسەروشوێن بوون.”
خەمڵاندنەكانیان دەردەخەن كە لە سەرەتای شەڕەوە لە ساڵی 2011 ەوە لە نێوان 2 بۆ 5 هەزار منداڵ بێسەروشوێن بوون و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
دەشڵێت “ڕووخانی ڕژێم، بۆ بنەماڵەی ئەو منداڵانە، هیوای خولقاند و هانی دابوون بۆ دۆزینەوەی منداڵەكانیان لە خانەی بێ سەرپەرشتان، كەیسەكانی ئەمنی و زیندانییەكان، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی بەشی زۆری ئەو منداڵانە بە نادیاری ماونەتەوە.”

































































