زارى کرمانجى:
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، سوپای تورکیا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە درێژایی سنووری سووریا هێزەکانیان ئامادە کردووە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ پەلاماردانی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەتیش کۆبانێ.
ئەمڕۆ سێشەممە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە درێژەی راپۆرتەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە گوێرەی وتەی ئەو بەرپرسانەی ئەمەریکا بێت ئەو جموجوڵە سەربازییەی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا دەستی پێ کردووە و چەک و جبەخانە دەگوازێتەوە، هۆشدارییەکی مەترسیدارە کە ئەنقەرە بە نیازە لەگەڵ گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی سووریا، هێرشێکی فراوان بکەنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان، چونکە ژمارەیەکی زۆری چەکدار و کۆماندۆ بە جلی فەرمیی سوپای تورکیاوە لە سەر سنوور و نزیک شاری کۆبانی جێگیر بوونە و ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان نزیک بووەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) هەڕەشە لە هێرشکردنە سەر مەنبج و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و راشیگەیاند، پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە دوژمنی سەرسەختی تورکیان و نابێت لە ناوچەکەدا هەبن.

































































