” هەزارو ٤٠٠ مەتر زەوى بۆ تەرخانکراوە”
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
لەسەر ڕێگەى گشتیى گەڕەکى بانەزێوک، لەلایەن خانەوادەیەکى خێرخوازى ڕواندز، مزگەوتێکى نوێ دروست دەکرێت و لەلایەن شارەوانى ڕواندزیش زەوى بۆ تەرخان کراوە.
ئەندازیار تەیب عومەر عەبدوڵلا، سەرپەشتیاریى مزگەوتەکە بۆ زارى کرمانجى گووتى: ”ئەو مزگەوتە لەلایەن خانەوادەى ئێمە بەناوى دایک و باوکى کۆچکردووم، ( عومەر عەبدوڵلا ) و ( خاتوو شوکریە ) دروست دەکرێت، مزگەوتەکە لە شێوەى هەشت لایە، وەک (روبعى ئاسنى) کۆنە، لە چوار پایە پێکهاتووە، لەوانە خانووێکى ٢٠٠ مەترى بۆ مامۆستاى ئایینى و شوێنى نوێژو وتاردان، هۆڵێکى نویژکردنى تایبەت بە ئافرەتان، کە دەتوانرێت بۆ پرسەش سوودى لێ وەربگیرێت، پایەکى دیکە تایبەتە بە شوێنى دەستنوێژو دەستشۆر، هەروەها منارەیەکى جوان و گەورەشى تێدایە”.
.
گووتیشى: ” دروستکردنى مزگەوتەکە بڕى ٢٠٠ هەزار دۆلارى تێدەچیت، دەبێت لە ماوەى ٦٠٠ ڕۆژ تەواو بکرێت، بەڵام هێشتا ناوى مزگەوتەکەمان دیاری نەکردووە”. چیایى محەممەد، سەرۆکى شارەوانى ڕواندز لەمبارەیەوە گووتى، ”لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى ڕواندز هەزارو ٤٠٠ مەتر زەوى بۆ دروستکردنى مزگەوتى نوێی بانەزێوک تەرخانکراوە، کە لەلایەن بنەماڵەیەکى خێرخوازى شارى ڕواندز دروست دەکرێت”.


































































