” حکومەتى عێراق هیچ ڕێگە چارەیەکیان نەماوە، دەبێت ئەمجارە لە بەرژەوەندى کورد یەکلاببێتەوە”
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
نەهرۆ ڕواندزى، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، لەسەر هاوتاکردنى نرخى نەوت لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ خوارووى عێراق، بۆ سێیەمین جار سکاڵاى ، دژى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق و وەزیرى نەوت، لە دادگەى فیدڕاڵى عێراق تۆمار کرد.
لەمبارەیەوە عیسا هەورامى، بەرپرسى نووسینگەى پەرلەمانتار نەهرۆ ڕواندزى ڕایگەیاند: ” ئەمڕۆ یەکى ئەیلوولى ٢٠٢٤، نەهرۆ ڕواندزى ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، لە پێناو بەرژەوەندى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى دوو پارێزەرى کورد، بە ناوەکانی دانەر عبدلغفار عزیز و هیوا عبدالله جمیل بۆ جارى سێیەم ، لەسەر هاوتاکردنى نرخى نەوت لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ خوارووى عێراق، سکاڵای دژى حکومەتى عێراق و وەزیرى نەوت، لە دادگەى فیدڕاڵى عێراق تۆمار کرد”.
هەروەها گووتیشى: ”ئەمجارە بۆ دۆزینەوەى ڕێگە چارەیەکى یاسایى باشترو گونجاوتر، دواى گفتوگۆکردن و دانیشتن بۆ یەکلاکردنەوەو سەرکەوتنى ئەو دۆسیەیە لە ڕێگەى دوو پارێزەرى سنوورى ئیدارەى سۆران، دواى تەواوکردنى ڕێکارە یاساییەکان، ئەمڕۆسکاڵامان لە دادگەى فیدڕاڵى تۆمارکرد، ئەو دوو پارێزەرە دەبنە بریکارى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و بۆ بەدەستهێنانى مافەکانیان، چەند هاووڵاتییان پشتگیرى ئەو مەلەفە بکەن و خەڵک هانبدرێت، کە بریکارنامە بدەن بە پارێزەرەکان، ئەوە لە بەرژەوەندى هاووڵاتییانى هەرێم تەواو دەبێت”.
هەورامى زیاتر روونیکردەوە، پەرلەمانتار نەهرۆ ڕواندزى، لە ڕوانگەى خەمخۆرى و دڵسۆزییەوە بۆ هاووڵاتییانى هەرێم و سەرکەوتى ئەو دۆسیەیە، خەرجى پارێزەرەکان و تەواوى بریکارنامەکانى هاووڵاتییان لە ئەستۆ دەگرێت، وە پێویستە خەڵک لەسەر ئەو بابەتە هانبدرێت و سکاڵا تۆمار بکەن، نەک ساردبکرێنەوە، چونکە پەیوەستە بە بەرژەوەندى گشتى خەڵکى کوردستان.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەمجارە حکومەتى عێراق هیچ ڕێگەچارەیەکى نەماوە، دەبێت ئەو بابەتە لە بەرژەوەندى کورد یەکلاببێتەوە، بۆیە تا چەند هاووڵاتییان وەکالەت بدەن بە پارێزەرەکان، ئەوە لە بەرژەوەندى گشتى ئەو پرۆسەیە دەبێت.
لە کۆتایدا عیسا هەورامى دەڵێت: ” ئەو سکاڵایانەى تۆمارکراون، بۆ بەرژەوەندى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانە، کە داواکراوە نرخى یەک لیتر نەوت بە بڕى (١٥٠) دینار بە هاووڵاتییانى هەرێم بفرۆشرێت، وەک هەموو پارێزگاکانى دیکەى عێراق، کە ئێستا بۆ هاووڵاتییانى هەرێم بە بڕی (٥٠٠) دینارە، وەک بازرگانەکانى عێراق مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانى کورد دەکرێت، جارى یەکەم لەسەر بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران، بۆ ماوەى چوار مانگ نرخى یەک لیتر نەوت کرایە (٢٥٠) دینار، بەڵام کە ماوە یاساییەکە تەواو بوو، نرخەکەى گەڕایەوە (٥٠٠ ) دینار وەک جارى پێشتر .

































































