شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، دەڵێت” برسیەتی بە مانای ئەوە نییە كە كەم خواردنت خواردووە جاری وا هەیە زۆریش دەخۆیت بەڵام هەست بە برسیەتی دەكەیت.
د. كامەران ڕەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” ئەو كەسەی بەردەوام هەست بە برسیەتی دەكات دەبێ بزانێت چەند هۆكارێكی تەندروستی هەن كە وا دەكات بەردەوام هەست بە برسیەتی بكەیت، لەوانەش:
-غوودەی دەرەقی چالاك و غوودەی ژەهراوی.
-نەخۆشییەكانی هەستیاری لە پێست و ئەندامەكانی دیكەی جەستە كاتێك ئەو دەرمانە بەكاردەهێنێن كە دژە هستامینی تێدایە، چونكە دەبنە هۆی زیادكردنی ئارەزووی خواردن.
-كەم خەوی و شەونخوونی، یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی زۆر ئارەزووی خواردن بەهۆی تێكچوونی هۆڕمۆنەكانەوە بە تایبەت هۆڕمۆنی گریلین، لێپتین، كورتێزۆل و ئەدرینالین .
-نەخۆشی شەكرە، جۆری یەكەم و دووەم یا شەكرەی كاتی دووگیانی، یەكێكن لە گرنگترین هۆكارەكانی برسیەتی بەردەوام و تێرنەبوون.
-خەمۆكی، دڵەڕاوكێ و قەلەقی، لەكاتی بوونی فشاری دەروونی و جەستەیی هۆڕمۆنی كۆرتیزۆن دەڕێژێت، ئەمەش وا دەكات بڕێكی زیاتری خۆراك بخوێت بەتایبەت شیرینی و چەوری .
-وشكبوونەوەی جەستە، بە بەردەوامی هۆكارێكی دیكەیە بۆ هەستكردن بە برسیەتی، چونكە هەمان بەشی مێشك بەرپرسە لە هەست بە تینوویەتی و برسی بوون .
- دابەزینی ئاستی شەكرەی ناو خوێن، بەهۆی سیستەمی خۆراكی ناتەندروست یاخود هەندێ نەخۆشی گورچیلە، هەوكردنی جگەر، نەخۆشی كوێرەڕژێنی ئەدریناڵ.
-قەڵەوی و زۆری كێش، یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان، چونكە جەستە لە سەر خواردنی بڕێكی زۆر ڕادێت و بە هیچ تێر نابێت

































































