مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای هۆشدارییەكەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی تێك چوونی دۆخی سنوورەكانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان و دووبارە بوونەوەی سیناریۆی غەززە لە لوبنان، بەشێك لە وڵاتان داوا لە هاووڵاتییانیان دەكەن ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی باسی لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی كرد و ڕاگەیاند “نیگەرانم لە پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل و ئاڵۆزیی و پێكدادانەكان لە ناوچە سنوورییەكاندا ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیاد بوون دایە.”
هۆشداریشی دا لە فراوانبوونی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گووتی “فراوانبوونی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەرێكی نزیكە و پێویستە هەموو لایەنەكان، بە تایبەت ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی خۆیانی لێ بە دوور بگرن، چونكە یەك جووڵەی هەڵەشە، ناوچەكە ڕووبەڕووی كارەسات دەكاتەوە و نامانەوێت هەمان سیناریۆی غەززەیەكی دیكە لە لوبنان دووبارە بێتەوە.”
دوای لێدوانەكەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەر یەك لە وەزارەتی دەرەوەی كوەیت و حكومەتی یۆنان و كەنەدا، داوایان لە هاووڵاتییانیان كرد كە گەشتی لوبنانیان كردووە، بە زووترین كات وڵاتەكە جێ بهێڵن.
هاوكات ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردەوە، كە گەورە فەرماندەكانی سوپا پلان و هەنگاوی فراوان كردنی بەرەی شەڕ و هێرشی زەمینیان بۆ سەر باشووری لوبنان لە دژی چەكدارانی حزبوڵڵا پەسەند كردووە.
دوای ئەوەش بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیاند “دەمانەوێت بە زووترین كات شەڕ لە غەززە تەواو ببێت و ناشمانەوێت لە لوبنانەوە تووشی شەڕێكی دیكە ببین.”
لە لایەكی تریشەوە یسرائیل گاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس هەڕەشەی لە چەكدارانی حزبوڵڵا كرد و دەڵێ “ئەگەر حزبوڵڵا هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، بڕیاری لەناوبردنی خۆیان دەدەن و یەك چەكدارییان نامێنێت.”
هەموو ئەو هەڕەشە و لێدوانانە، ئاماژەن بۆ فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەكە و كردنەوەی بەرەیەكی تری شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان.

































































