مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز كۆبوونەوە.
ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی لە بارەی دواین كۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنكاری هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی نەوتی بیانی كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن بڵاوكردەوە و دەڵێ “لە كۆبوونەوەكە تیشك خرایە سەر هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی چارەسەری كێشەكان و گەیشتن بە ڕێگەچارەی هاوبەش.”
ئومێد سەباح وردەكاریی كۆبوونەوەكە باس دەكات و دەڵێ “نیازی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری ڕیشەیی جەختی لێ كرایەوە و خواستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكان خرایە ڕوو بە جۆرێك كە ئەم پرسە پێویستی بە ڕێگە چارەی هاوبەش و لێكتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەكە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.”
دەشڵێت “لە كۆبوونەوەكەدا باس لەو ئالنگاریانە كرا كە بەهۆی بارودۆخی ئابووری دروستبوون، بە بایەخ و سوپاسەوە باس لە خۆڕاگری و پشوودرێژی كۆمپانیاكان كرا كە بە پێكەوەیی مانەوە و كاری هاوبەش لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامیدان بە كارەكانیان سەركەوتوو تر دەبن.”

































































