شەهلا رەشید- سۆران
ئەكتەرێكی بەناوبانگی ئەمریكی، ڕەخنەی لە مامەڵەكردن لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ لە جیهاندا گرت و نائومێدی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دۆخی جیاكاری لە ڕوانگەی جیهان بۆ پرسی مافەكانی مرۆڤ.
ئەجلینا جولی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەرهێنەری سوری وەعد ئەلخەتیب، كە كورتە كلیپێكی ئەو چاوپێكەوتنەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوكردەوە، جەختی لەوە كردووە دوای نزیكەی 20 ساڵ كاری مرۆیی دركی بەوە كردووە پرسی مافی مرۆڤ لە جیهاندا درۆیەكی گەورەیە.
لەم چاوپێكەوتنەدا كە بەشێك بوو لە فیلمی دیكۆمێنتاریی “ئێمە بوێرین خەون ببینین” جولی گووتی” ڕەنگە بیرۆكەی بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ كە لە كاتی ڕووداوەكانی جەنگی جیهانی دووەمدا سەریهەڵدا بەو مانایە بووبێت كە ئامانج و هێڵی ڕوون بۆ مافەكانی مرۆڤ هەبووە و بوونی هەیە، كەسێك دەبێت هەنگاو بنێت بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافانە، كە لە بنەڕەتدا ئەركی نەتەوە یەكگرتووەكانە، فێربووم كە جیهان بەشێوەیەكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەكات، ئێستا درك بەوە دەكەم ئەم چالاكییانە بەو ئاسانییە بەڕێوەناچن، ماف و دادپەروەری دەدات بە هەندێك كەس و ڕەنگە هەندێكی تریش بە شێوەیەكی كاتی چێژی لێ وەربگرن، بەڵام كەسانێك هەن هەرگیز ئەو ماف و دادپەروەرییەیان بۆ ناگرێتەوە، سەرەتا باوەڕم وابوو سنووری ڕوون و هەندێك تێگەیشتن لەم بوارەدا هەیە، تا زیاتر تێگەیشتم و بینیم كە بابەتەكە ئەوەندە سادە نییە و ئەو مافانە بە هەمان شێوە لە جیهاندا بوونیان نییە.
جولی، وەك نموونەیەك ئاماژەی بەوەشكرد” یارمەتییە خۆراكییەكان لە 6% بۆ هەندێك و لە 50% بۆ هەندێكی ترە، كە ئەمەش بۆ هەندێك كەس دادپەروەرانە و بۆ هەندێكی تریش بە پێچەوانەیە، ئەمەش ئەو ڕاستییە ناشیرینەیە كە لە بەشێكی گەورەی جیهاندا دەگوزەرێت و بە تێپەڕبوونی كات دركی پێدەكەین، ئێمە بڕیارە هەندێك كەس تاوانبار بكەین و هەندێكی تر تاوانبار ناكەین، جیهانی ئێمە درۆیەكی گەورەیە و لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا ڕوونتر دەبێتەوە.

































































