مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە ڕێگەی خۆ هەڵواسینەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و چالاكوانان هەژاری و بێ هیوایی بە هۆكاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆكوشتن لە ناو منداڵانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەزانن.
دوێنێ یەكشەممە 17ـى كانوونی یەكەمی 2023، مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵانی دانیشتووی شاری بانە ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوی (دیاكۆ عەلی نەژاد) لە ناو ماڵەكەی خۆیدا لە ڕێ پەتێكەوە خۆی هەڵواسی و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
تا ئێستا هۆكاری خۆكوشتنی ئەو مێردمنداڵە دیار نییە، بەڵام چالاكوانانی شارەكە باس لە پەرەسەندنی هەژاری و بێ هیوایی لە نێو لاوان و منداڵان دەكەن، بە تایبەت ئەو پارێزگانەی بێكاری و هەژاری باڵی بەسەردا كێشاون، ڕێژەی خۆكوشتن تێدا بەرز بووەتەوە، باس لەوەش دەكەن لە شارە سنوورییەكانی كوردستان، بەشێكی زۆر لە منداڵان بەهۆی هەژاری بنەماڵەكانیان، ڕوویان لە كۆڵبەری كردووە و وازیان لە خوێندن هێناوە، كاتێك لەسەر سنوور كۆڵبەری دەكەن لەلایەن هێزەكانی ڕژێمەوە دەدرێنهـ بەر لێدان و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەكرێت، ئەمەش وای كردووە تووشی ڕەشبینی و بێ ئومێدی ببن لە ژیانی خۆیان، بۆیە لە كۆتایدا بە ناچاری پەنا بۆ خۆكوشتن دەبن.

































































