مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ساڵی 2023 بە گەرمترین و وشكترین ساڵ هەژمار كرا لە ماوەی 125 ساڵی ڕابردوو، زانایانی یەكێتی ئەورووپا ڕایانگەیاند لە ماوەی 125 ساڵی ڕابردوو، هیچ ساڵێك بە قەد 2023 گەرم و وشك نەبووە.
لە ڕاپۆرتێكدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی بەریتانی بڵاوی كردەوە زاناكان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە كە ساڵی 2023 وشكترین ساڵ بووە لە ماوەی یەك سەدەی ڕابردوو “مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو لەلایەن خزمەتگوزاری گۆڕانی كەشوهەوای ئەورووپا كۆپەرنیكۆسەوە، شیكردنەوە بۆ پلەی گەرمی كەشوهەوا ئەنجام درا و پلەی گەرمی گەیشتە ١٥.٣ پلەی سیلیزی لە سەرووی سفرەوە، بەپێی بۆچوونی زانایان ئەمە بووە گەرمترین پلەی گەرما لە مێژووی چاودێریكردنی كەشوهەوا لە جیهاندا.”
هۆكارەكانی گەرمی و وشكبوونی ساڵی 2023، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز “گازە دەردراوەكان بەهۆی سووتانی ماددە كیمیایییەكان و دیاردەی نینۆی سروشتی كە كار دەكاتە سەر گەرمبوونی ڕۆژهەڵاتی دەریای هێمن، ئەمانە بوونەتە هۆكارێك بۆ گەرمبوون و وشكبوونی ساڵ.”
عێراق زۆرترین زیانی بەركەوتووە بەهۆی گۆڕانی كەش و هەوا و لە ڕیزبەندی پێنجەمین وڵاتانی زیان پێكەوتووی جیهان دێت، كە بەشێكی زۆر لە خاكە سەوزەكەی بووە بە بیابان.

































































