زاری كرمانجی – سۆران :
كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئەمەریكی عێراقی جێهێشت و وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند كۆمپانیایەكی چینی شوێنی ئەو دەگرێتەوە .
ئیكسۆن مۆبیل یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیای ئەمەریكی یە لە بواری دەرھێنان و بەرھەمھێنان لە نەوت و گاز، بەپێی رێكەوتنێك لە گەڵ حكومەتی عێراق لە ساڵی 2011 لە كێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قوڕنە كە یەكێكە لە گەورەترین كێڵگەی نەوت لە پارێزگای بەسرە و چەندان شوێنی عێراق و هەرێمی كوردستان كاری دهكرد.
پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل بەشێكی پشكەكانی خۆی لە كێڵگەی نەوتی قورنەی یەك بە كۆمپانیای پترۆجاینای چینی و كۆمپانیای پیترامیای ئەندەنووسی دەفرۆشێت.
بەڵام ئەمڕۆ 12ـی تشرینی دووەمی 2023، شارەزایانی نەوت و لێكۆڵەرانی ئەو بوارە ئاشكرایان كرد كۆمپانیای ناوبراو تەواوی پشكەكانی فرۆشتووە بە كۆمپانیا چینییەكە و عێراقی جێهێشت.
هاوكات حەسەن محەممەد یاریدەدەری كۆمپانیای نەوتی بەسرە كە بەرپرسیارێتی كێڵگە نەوتییەكانی سنوورەكە و پێدانی مۆڵەتی كاركردن بە كۆمپانیاكانی لە ئەستۆیە، راگەیاند “هەریەك لە وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای نەوتی بەسرە، بەو دەرەنجامە گەیشتوون باشترین بژاردە ئەوەیە، پێترۆچاینا لەمەودوا ببێتە بەڵێندەری سەرەكیی كێڵگەی نەوتیی قورنەی رۆژئاوا بێت.”

































































