مەهدی محەممەد – سۆران :
هەر كاتێك پێَگەی كورد و كوردستان بەهێز بووبێت، لەلایەن دوژمنان و ناحەزانەوە كراوەتە ئامانج و بە جۆرەها شێوە دژایەتی كراوە، هەرێمی كوردستان وەك تاقە قەوارەی ئومێد بەخشی كوردان لە هەر چوار بەشی نیشتمان، زۆرترین جار كراوەتە ئامانج و هەوڵ بۆ لە نێو بردن و سڕینەوەی دراوە، وەلێ هەمیشە دوای هەر هەوڵدانێكی لەم شێوەیە، كورد و كوردستان و هەرێمە سەربەخۆیەكەشی بە ڕۆحی خۆ نەچەماندن پارێزگاری لە بوون و مافەكانی كردووە و بە ئیرادە و هێزێكی زۆرەوە بەسەر تەواوی تەگەرەكانی بەردەمی زاڵ و سەركەوتوو بووە.
لە ئێستادا دووبارە هەرێمی كوردستان كەوتووەتە بەر شاڵاوێكی تری سڕینەوە و دژایەتیكردن و لە زۆر ڕووە هەنگاو بۆ گۆشەگیركردنی نراوە، لە بەرامبەر ئەوەدا هاووڵاتییان داواكارن بە ڕۆح و سیاسەتی (خۆ نەچەماندن) ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخە ببنەوە و پێیان وایە، ئەو هەوڵە دوژمنكارانەی ئێستا دەنرێن وەكوو تەواوی هەوڵەكانی ڕابردوو نەزۆك دەردەچن.
سۆران شێرزاد مامۆستا و چالاكوانی مەدەنی لەم بارەیەوە دەڵێ:” ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لێدانە لە ئابووری و شوناس و نەتەوە و پیرۆزییەكانی كورد و كیانە تاقانەكەی كوردستان، بۆیە لە سۆنگەی باوەڕ بوون بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، پێویستیمان بە گیانی خۆ نەچەماندن و یەكگرتوویی كوردان هەیە لە چوارچێوەی پەیمانێكی پیرۆز و بە یەك دەست و یەك ئامانج و یەك هێز ڕووبەڕووی ئەو هەوڵە نەزۆكانە ببینەوە.”
حەسەن مەحموود پێی وایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان باجی مرۆڤدۆستی خۆی دەدات، بە تایبەت دوای بوومەلەرزەكەی باكووری كوردستان و توركیا، بەر لە هەر وڵاتێكی دیكەی دونیا، بە هانای لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەوە چوو، وەكوو دەوڵەتێك دەركەوت، دەڵێ “هەمیشە كورد باجی مرۆڤدۆستی و سادەیی خۆی دەدات، حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك دەوڵەتێك دەركەوت لە بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی توركیا، ئەمە نیگەرانی بەشێك لە سیاسییەكانی توركیای لێكەوتەوە و لە هەمان كات پاڵپشتییەكی زۆری لێ كرا لەلایەن هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە و هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان بەرز نرخاند، بۆیە ناحەزان و دوژمنانی كورد ئەو دەركەوتنەی كوردیان پێ قبووڵ ناكرێت و هەر زوو دەكەونە ئامادەكاری بۆ لێدان لەو هەرێمەی كە بووەتە ئومێد و فریادڕەسەی تەواوی كوردان، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت من وای دەبینم هۆكارەكەی ئەوە بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كورد و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەبێت، بەڵام هەرگیز ناكەوێت، ئەم ئامانجەش وەكوو دەیان ئامانجی تریان دەخرێتە ژێر گڵ.”
سەردار موسا باس لەوە دەكات، هەر حكوومەتێك لەلایەن گەلەكەیەوە خاوەنداریەتی لێ بكرێت هەرگیز ناكەوێت، دەڵێ:”ئەو جۆرە سیناریۆیانەی دەرهەق بە هەرێمی كوردستان نمایش دەكرێن، وەك فیلم وایە،” سەردار ئەوەش دەڵێ: “چەندە كەموكوڕی هەبێت لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ناكاتە ئەوەی پشتی لێ بكەین و خاوەنداریەتی لێ نەكەین، بە پێچەوانەوە هەر وەكوو چۆن ئەو قەوارە سەربەخۆییە بە گیان و خوێنی زۆر هاتووەتە بەرهەم، بە هەمان شێوە پارێزگاری لێ دەكەین، بۆیە ئەوانەی چاوەڕێ كەوتنی حكوومەتی هەرێم و لەناوچوونی ئەو قەوارە سەربەخۆیە دان، با سەری خۆیان لە كێوەكانی كوردستان بدەن، لەوانەیە كەوتن و دۆڕانی خۆیان ببینن، بەڵام هەرگیز كەوتنی هەرێمی كوردستان نابینن.”
هاوكار حەمەدەمین نیگەرانە بەرامبەر ئەو حیزبانەی كە پاشگری كوردستانیان هەڵگرتووە و چوونەتە بەرەی دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و دڵخۆشن بەو بارودۆخەی بەرۆكی حكوومەت و قەوارە سەربەخۆییەكەی هەرێمی كوردستانی گرتووە، ئەو دەڵێ: “هەندێك حزبی خۆفرۆش كە پاشگری كوردستانی بوونیان هەڵگرتووە، چوونەتە بەرەی نەیاران و لە دڵەوە خۆزگە بە كەوتن و لەنێو چوونی هەرێمی كوردستان و حكوومەتەكەی دەخوازن، سەیرم بەو جۆرە حزبانە دەهێت كە بە خۆیان دەڵێن حزبی كوردی، كەچی بەو شێوەیە هەڵسوكەوت دەكەن، من دڵنیام ڕۆژێك دەبێت ئەوان شەرمەزاری خەڵكی خۆیان دەبن و مێژوو بە خراپی باسیان دەكات.”
لەنجە مستەفا، پێی وایە، هیچ پیلان و هەوڵدانێك بۆ سڕینەوە و گۆشەگیركردنی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نابێت و دەڵێ: “مێژوومان پڕ لە هەوڵی لە نێو بردن و گۆشەگیركردن و پیلانی دوژمنانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوەی كورد گەشەی كردووە و لە نێو نەچووە و كوردستانیش لە جاران زیاتر ئاوەدانتر بووە، كەواتە ئیرادەی كورد و شكۆی كوردستان لە ئیرادە و شكۆی داگیركەران و دوژمنان بەرزترە، بۆیە هەموو هەوڵدانەكانی ئەوان بێ ئەنجام بووە و سەركەوتوو نەبووە،”
لەنجە، ئەوەش دەڵێ:” كورد پێویستە لە هەموو كاتێك یەكگرتوو تر بێت و نابێت دەرفەت بە دوژمنان بدات لەبەرامبەر یەكتر بەكاریان بهێنێت، چونكە ئەمە بێ هێزمان دەكات و ئاسانتر دەمانشكێنن، بۆیە ناپاكی یە ئەگەر لە ئێستادا یەكگرتوو و یەك هەڵوێست نەبین و لە ژێر چەتری برایەتی و تەبایی دا كۆ نەبینەوە و پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی ڕاپەرین و خاوەنداریەتی لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان نەكەین.”
شۆرش ئیسماعیل، باس لەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان لەو قۆناغە تێپەڕی كردووە، كە هەوڵی سڕینەوە و لەنێو بردنی بدرێت و دەڵێ:”هەرێمی كوردستان لە ئێستادا پێگەیەكی بەهێزی هەیە لە جیهاندا و دەیان كونسڵی و نوێنەرایەتی دەوڵەتانی جیهان لە هەولێر و سلێمانی بوونیان هەیە و وڵاتانی زلهێزی دونیا سەرمایەیی خۆیان خستووەتە گەڕ لە هەرێمی كوردستان، بۆیە قسە كردن لە سەر سڕینەوە و لەنێو بردن لە توانا و هێزی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ چۆتە دەرەوە و قۆناغی ئێستا لەگەڵ چەند ساڵێك بەر لە ئێستا جیاوازییەكی زۆری هەیە.”
































































