شەهلا رەشید- سۆران:
پڕۆگرامی پێشمەرگە، میوانداری پێشمەرگەیەكی دیكەی دێرین بەناوی عەمید واحید هاشم مێرۆزی كرد كە چەندین ساڵ خەباتی كردووە لەپێناو پاراستنی كوردستان و گەلەكەی، ئەم فەرماندەیە باسی رۆژە سەختەكان و خۆشی و ناخۆشییەكانی سەردەمی پێشمەرگایەتی دەكات.
عەمید واحید هاشم مێرۆزی، بۆ زاری كرمانجی دوا و گوتی: لە ساڵی 1956 لە گوندی مێرۆز لەدایكبوومە، ساڵی 1973 لە بارەگای بارزانی نەمر لە باڵەكایەتی بوومەتە پێشمەرگە، هاوینان لەگەڵ ئیدریسی هەمیشە لە یاد و سەرۆك بارزانی دەچووینە حاجی ئۆمەران و زستانانیش دەهاتینەوە قەسرێ، باوكی من هاشم مێرۆزی لە ساڵی 1961 لەگەڵ بارزانی ویستیان بچنە سووریا، چوونە بەرواری باڵا و لەوێ خەڵكێكی زۆر لەنێو بەرواری و نێروەیەكان لە گەڵیان رێككەوتن و دواتر بارزانی نەمر بڕیاری دا نەچێت بۆ سووریا و هەر لەوێ شۆڕشیان دەستپێكرد و لەگەڵ حكوومەتی بەعس شەڕ دەستی پێكرد، باوكی من ساڵی 1966 لە ئەتروش شەهید بوو، دوای ئەوە بارزانی نەمر داوای لە ئیدریسی هەمیشە لەیاد كرد هەر كاتێك كوڕەكانی هاشم مێرۆزی گەورە بوون بیانهێنە لای من، ئەوەبوو لە 1973 تا 1975 لە بارەگا بووم، دواتر دوو لە براكانم ئاوارەی ئێران بوون، دوای ساڵیك من و براكانی دیكەم ئاوارەی توركیا بووین، لە هەر سێ وڵاتی توركیا، ئێران و عێراق قاچاخ بووین، دواتر كە لە ساڵی 1976 شۆڕشی گوڵان دەستی پێكرد ئەوەبوو ساڵی 1981 منیش رووم كردە ئێران و دواتر من هاتمەوە كوردستان و بوومە پێشمەرگە، تا ساڵی 1988 لە شەڕی خواكوڕك.
ئەو لەبارەی شەهیدبوونی براكانی، دەڵێت: لە ساڵی 1987 سەرۆك بارزانی هاتە ماڵی مامم ئەحمەد مێرۆزی لە گوندی مێروز، دوو شەو لەوێ مایەوە شەوی سێیەم چووە توركیا فڕۆكە جەنگییەكان هێرشیان كرد و گوندەكەمانی بۆردومان كرد، یەكێك لە براكانم بەناوی سادق لەوێ شەهید بوو، هەروەها برایەكی دیكەم لە ساڵی 1995 لە گوندی مێروز لە شەڕی ئێمە و پەكەكە شەهید بوو، من و براكانی دیكەشم هەر پێشمەرگە بووین تا ساڵی 1988 كە شەڕی خواكوڕك دەستی پێكرد، بۆ ماوەی هەشت مانگ نەچوومەوە و خێزانەكەم نەبینی، ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی بەشداربوون لەم داستانەدا ژمارەیان تەنها 702 كەس بوون، كەچی ڕژێمی بەعس زۆر لە ئێمە زیاتر بوون، بەڵام ئیرادەمان هەبوو، رژێمی عێراق بەو هەموو دەسەڵاتە هێرشی كردە سەرمان و لە یەك خولەك دا 87 تۆپ بەر زەوی دەكەوتن، یەكێك لە هەڤاڵانمان لەوێ بریندار بوو و لاقێكی لەدەستدا، یەكێكی دیكەش لە هەڤاڵانمان شەهید بوو، شەڕەكە 50 رۆژی خایاند، لە داستانی خواكوڕك ورەیەكی زۆر بەرزمان هەبوو، چونكە سەرۆك بارزانی بە هەموو هێز و تواناوە لەگەڵمان بوو، بیرمان لە سەروەت و سامانی دنیا نەدەكردەوە تەنها بیرمان لای ئەوەبوو كە دوژمنانمان تێك بشكێنین، هەر لەوێ سەرۆك بارزانی ئامۆژگاری كردین و گوتی، ئێمە پێشمەرگەین و هەر بە پێشمەرگە دەمێنینەوە و هەریەك لە ئێمە روومان كردە شوێنی نیشتەجێبوونمان تا ئەو كاتەی بە یەكجاری گەڕاینەوە هەرێمی كوردستان.
عەمید واحید مێرۆزی، لە كۆتا قسەكانیدا گوتی: جگە لە داستانی خواكوڕك، لە زۆر داستانی دیكە بەشدار بوومە، ئەو كاتەی ڕاپەڕین دەستی پێكرد من لە ئێران بووم، بەڵام خۆشترین رۆژ بوو بۆ ئێمە، هەمیشە سەرۆك بارزانی دەفەرموو دوژمن تێك دەشكێنین و نامێنن، ئەوەبوو 14ی مانگ لە كۆڕێ وتارێكی دا و گوتی، بارودۆخ گۆڕاوە و ساڵێكی دیكە لە رێگەی دەنگدانەوە پەرلەمانی خۆمان هەڵدەبژێرین، ئەوەبوو لە ساڵی 1992 پەرلەمان و سەرۆكایەتی و هەموو ئەم قسانەی كە سەرۆك بارزانی كردی هاتنە جێ، لە ساڵی 1996 لە ئاوارەیی گەڕاینەوە كوردستان و تا ئێستاش بەردەوامم لە خەبات و تا دوا هەناسەش لەسەر ئەم رێبازە پیرۆزە بەردەوام دەبم.