زاری كرمانجی :
بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزان و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ، بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر داواكارە لە شۆفێران چاویان كراوەتر بێت و بێ ئاگا نەبن لەو كەسانەی كە بەسەر شەقام و شۆستەكانەوە هاموشۆ دەكەن.
هاوكات بەرێوەبەرایەتی ناوبراو شەش رێنمایی ئاڕاستەی شۆفێران دەكات و خوازیارە شۆفێران پابەندبن پێیوە و جێ بە جێ بكەن كە ئەمانەن :
یەكەم:
پێویستە لێخوڕین بەو خێراییە بكرێت كەبەپێی هێماكانی هاتوچۆ دیاریكراوە، نەك زێدەڕۆیی بكرێت، چونكە ڕێگا هەمان ڕێگای جارانە، ئۆتۆمبێلەكەشتان هەمان ئۆتۆمبێلە، ئەوەی لەمانگی پیرۆزی رەمەزان گۆڕانكاری بەسەرداهاتوە جەستەی ئێوەیە كە بەهۆی ڕۆژوبون شەكروفشاری خوێنتان دادەبەزێت، دەبێتە هۆی بێتاقەتی، بەمەش توانای شوفێریتان كەمتر دەبێتەوە، جا ئەگەر تیژڕۆ بن ئەوەندەی تریش تواناكانتان كەمدەبێتەوە.
دووەم:
پێویستە بەر لەسواربونی ئۆتۆمبێل تەماشایەكی خۆتان بكەن و گوێ لەزمانی جەستەتان بگرن، ئەگەر هەستتان كرد كە بێتاقەتن، یان زیاد لەرادەی ئاسایی توڕەن یان خەوتان دێت، شۆفێری نەكەن.
سێیەم:
پێویستە پێداویستیەكان ڕۆژو شكاندن (پاقلاوە، ترشیات، شەربەت، خورما، هەرشتێكی تر كەپێویست بێت) بەر لەكاتژمێر 4:00ی ئێوارە كردرابن، بۆئەوەی لەوكاتە بەدواوە كە بێتاقەتی لەلوتكەیە، توشی ئەوەنەبن بچنە بازاڕ بۆشت كڕین و لەگەڕانەوە توشی دۆخێكی نالەبار دەبن و ناچار دەبن تیژڕۆیی بكەن.
چوارەم: پێویستە چاوتان بەبەردەوام لەسەر ڕێگا و دەوروبەری بێت و چاوتان بەردەوام بێت لە گەڕان لەپیادەكان كە ئەوانیش بەهۆی بەڕۆژوبون تەركیزیان لەدەستدەدەن، لەوانەیە بە بێئاگایی بپەڕنەوە.
پێنجەم:
بۆ شوفێرانی بارهەڵگر و تاكسیەكان و هێڵی دەرەوە، پێویستە هەرلەپاش نوێژی تەراویح بخەون، ئەگەر بەنیازبن لەپاش نوێژی بەیانی دەربچن بۆسەر كارەكانیان، نابێت تاوەكو پارشێو بەخەبەربن و لەدوای نوێژی بەیانی بچنە سەركار، چونكە لەو حاڵەتە خەوەكانیان لەپشتی ستێرنی ئۆتۆمبێلەكان تەواو دەكەن، بەمەش توشی ڕوداو و كارەسات دەبنەوە.
شەشەم:
پێویستە زۆر بەئاگاییەوە لەیەكتربڕەكان نزیكببنەوە تەنانەت ئەگەر ڕێگاكان چۆلیش بن، چونكە مەترسیدارترین شوێن لەشەقامەكان یەكتر بڕەكانن.
































































