د. نەبەز مامل ناصر – مامۆستای زانکۆ و بریاردەری ناوندی جینۆساید، جێندەر و توینەوەی کۆمەڵایەتی – زانکۆی سۆران
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وەک ناوچەیەکی گەشەسەندووی خاوەن پێگەی ستراتیژی و فرەچەشنیی جوگرافی، لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆیدا بەخۆوە بینیوە. لە چەقی ئەم گۆڕانکارییانەدا، گواستنەوەی ڕۆڵی ژنان لە کایەی ناوماڵەوە بۆ کایەی بەرهەمهێنانی ئابووری، تەنها گۆڕانکارییەکی ژمارەیی نییە لە هێزی کاردا، بەڵکو بزوێنەرێکی سەرەکییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی خێزان و داڕشتنەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی ناوچەکە. ئەم ڕۆڵە پێشەنگایەتییە بە ڕوونی لە دوو ڕەهەندی جیاواز بەڵام لەتەواوکاری یەکتردا ڕەن گدەداتەوە، کە ئەوانیش کەرتی گشتی (دامەزراوە حکومییەکان) و کەرتی تایبەت (بازاڕ و وەبەرهێنان)ـن، کە هەر یەکێکیان بە جۆرێک کاریگەری لەسەر گەشەی ناوچەکە داناوە.
کارکردنی ژنان لە کەرتی گشتیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا، بە تایبەتی لە سێکتەرەکانی پەروەردە، تەندروستی و کارگێڕییدا، وەک کۆڵەگەی سەقامگیریی دارایی خێزانەکان دادەنرێت. لە ڕووی ئابوورییەوە، داهاتی جێگیری کەرتی گشتی، هێزی کڕینی خێزانی سۆرانی لە بەرامبەر شۆکە داراییەکان و هەڵاوسانی بازاڕدا پاراستووە و تا ڕادەیەک هاوکار بووە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک نیشتەجێبوون و تەندروستی و پێشکەوتنی نەوەکان لە ڕووی پەروەردە و فێرکردن. بەتایبەت لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە فیکری خێزانی گۆڕاوە و ژنان خاوەن ڕای خۆیانن و کاریگەرانە بەشدارن لە دابینکردنی ئابووری خۆبژێوی دا، ئەمەش دەستی ژنانی کراوەتر کردووە لە دروستکردنی بڕیار و بوونە خاوەن بریاری راستەقینە لە پانتاییی ژیانی کۆمەڵایەتییدا. بۆ نموونە، ئامادەیی بەربڵاوی ژنان وەک مامۆستا، پزیشک و یاساناس، یان بەشدارییان لەدەستی کاری بازاردا، نەک هەر خزمەتگوزارییەکی سەرەکی پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکات، بەڵکو متمانەی گشتی بە توانای سەرکردایەتی ژنان زیاد کردوە؛ ئەمەش بۆتە هۆی کەمبوونەوەی کۆمەڵگەی ناچالاک و کارابوونی کۆمەڵگەیەکی فرەچەشنی جیاواز لە ڕەنگ و دیدگای جیاوازی ژنان بۆ داهاتووی خۆیان و دروستبوونی نەوەیەکی نوێ کە چاو لە دایک و خوشکە خۆبەڕێوەبەرەکانیان بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، کەرتی تایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نوێنەرایەتی کایەی داهێنان و بوێریی ئابووری ژنان دەکات، کە تێیدا ژنان لە بەرگی کارمەندی سەرپێییەوە بازیا داوە بۆ پێگەی خاوەنکار و وەبەرهێنەر. لە ڕێگەی پڕۆژە گەشتیارییەکان، سەنتەرەکانی فێربوون، براندە ناوخۆییەکانی جلوبەرگ و پیشەسازییە بچووکەکانی خۆراک، ژنان توانیویانە جووڵەیەکی بەردەوام لە بازاڕی سۆراندا دروست بکەن و کێشەی بێکاری لە نێو دەرچووانی زانکۆدا کەم بکەنەوە. ئەم جۆرە کارکردنە جۆرێک لە سەربەخۆیی دارایی ڕەها و متمانە بەخۆبوونی بە ژنان بەخشییووە کە دەروازەی جۆراوجۆری کردۆتەوە لە دروستکردنی دەرفەتی تازە و کارێك کە باش و گونجاو بێت لەگەڵ تواناداری ژنانی سنوورەکە، ئەوەش بۆتە دەرگای خۆشبەختی بۆ ژنان کە ببنە بڕیاردەری سەرەکی لە داڕشتنی پاشەکەوت و وەبەرهێنانی خێزانەکانیاندا، لەوێشەوە پایە تەقلیدییەکانی ئابووری خێزانی بەرەو مۆدێلێکی هاوچەرخ گۆڕیوە.
لەم سۆنگەیەوە، بەشداری ژنانی دەڤەری سۆران لە گەشەسەندنی ئابووری، ڕۆڵیکی گەورە و بەرچاوی هەیە هاوشان لەگەڵ پیاواندا لە کارکردن و پێشخستن و ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی خێزانەکانیان. ئەگەر ژیرانە لەوە بپرسین ئەو گۆڕان و پێشکەوتنە چۆن ڕووی داوە لە بەرامبەر سێ دەیە بەر لە ئەمڕۆ، دەکرێ ئەوە گریمانەیەکی ڕاست بێت کە یەکەم هۆکارێك ڕەنگدانەوەی بیرتیژی و کەسایەتی پڕ شکۆ و شانازی ژنێکی وەک خانزادی میری سۆران مێژووێکی دەوڵەمەند و ناوبانگێکی گەورەی پێگەی ژنی ناساندووە لەم دەڤەرە کە بەڵێ ژنان هاوشێوەی پیاوان دەتوانن بەشداری ڕاستەقینەی پەیداکردنی سامانی ئابووری بن. لە لایەکیتر، پێویستییەکانی ژیانی ڕۆژگاری ئێستا گۆڕاون و ژنان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ داواکاریان بۆ ژیان و خۆشبژێوی زیاتربووە، بەهۆی بەناڕاستەوخۆ کەوتنە ژێر کاریگەری تێکڕای پێشکەوتنە خێراکانی جیهانگیری ئابووری و تەکنەلۆژیا، کە زۆر جار بوونەتە دەردوبەڵای ناخۆشی هێن بۆ عەقلی وەرگرتنی گۆڕانکارییەکە وەک خۆی. لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەدا، بەراوردکردنی ئەم دوو کەرتی کارکردنە لە سۆراندا پێمان دەڵێت کە کەرتی گشتی وەک قەڵغانێکی پارێزەر وایە بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی بژێوی خێزانەکان بەهۆی جێگیرییەکەیەوە، لە کاتێکدا کەرتی تایبەت وەک بزوێنەرێکی داینامیکی کاردەکات بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ئابووری و شکاندنی بەربەستە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان. کۆی گشتی ئەم پرۆسەیە ڕاستییەکی زانستی بۆ هەمووان دەسەلمێنێت: گەشەسەندنی ئابووریی هاوسەنگ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا بەبێ بەشداریی چاڵاکانەی ژنان لە بازاڕ و فەرمانگەدا مەحاڵە، چونکە ژنان هێز و توانای نیوەی کۆمەڵگەن، کەرەستەی سەرەکییە بۆ بونیادنانی پاشەڕۆژێکی خۆشگوزەران لەکۆمەڵگەیەکی فرە رەنگ و نەریتی شاری سۆران


































































