ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان هۆشیارییەکی ئاراستەی هاووڵاتیان کردووە سەبارەت بە کڕینی جۆرێک لە خواردنەوەی پێپسی کە وێنەی ئاڵای عێراقی لەسەر قوتووەکە چاپکراوە، چونکە وشەی «الله أکبر»ی تێدایە و دوای بەکارهێنان زۆرجار قوتووەکە فڕێدەدرێتە ناو زبڵ و شوێنە پیسەکان.
دکتۆر عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، ئەم جۆرە پێپسییە لە هەندێک بازاڕی کوردستاندا دەفرۆشرێت قوتووەکە ناوی پیرۆزی خودا و ئاڵای عێراقی لەسەر نووسراوە.
بە گوێرەی وتەکانی ئەو، ناوی خودا پیرۆزیی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە ڕێزی لێ بگیرێت، بۆیە بەکارهێنانی لەسەر کاڵای بازرگانی، بە تایبەتی لەسەر قوتووی خواردنەوەیەک کە دوای بەکارهێنان فڕێ دەدرێت، گونجاو نییە و دەبێتە هۆی سووکایەتی پێکردن.
شێرکاوەیی ئاماژەی بە بنەمایەکی فقهی کرد کە دەڵێت، “(هەر شتێک ببێتە هۆی ئەنجامدانی کارێکی حەرام، خۆشی حوکمی حەرامی دەبێت). بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە کڕینی ئەم جۆرە پێپسییە خۆیان بپارێزن. هەروەها یەکێتیی زانایان داوای لە دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە خێرایی چارەسەری ئەم بابەتە بکەن و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی کاڵاکانی لەو جۆرە بکەن کە تێیدا بێڕێزی بە پیرۆزییە ئایینییەکان دەکرێت.
هۆکاری هەبوونی ئەم جۆرە دیاریکراوهی پێپسیش لە چوارچێوەی هەڵمەتی هاندانی هەڵبژاردەی عێراق بوو کە بۆ یارییەکانی پێشبڕکێی مۆندیال ئەنجامدراوە، کە بەهۆیەوە ئاڵای عێراق لەسەر قوتووەکانی خواردنەوەکە چاپ کراوە.
































































