سەرۆک بارزانی، هۆشداری له کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دهدات و ڕایدهگهیهنێت، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە؛ هاوکات هیواشی خواست ناکۆکییەکانی کورد و عەرەب لە سووریا نەبێتە هۆی دەستوەردانی دەرەکی، هەروەها سەرۆک بارزانی پێشوازی لە چەکدانانی پەکەکە کرد.
سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ فرانس24 لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە کۆتایی ساڵی 2025، گوتی: “بە دڵنیاییەوە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودهوڵهتیی دژی داعش، ڕووبەڕووی هەمان سیناریۆی ساڵی 2012 دەبینەوە و داعش زیندوو دەبێتەوە.”
سەرۆک بارزانی هۆشداریشی دا و ڕایگهیاند، “داعش مەترسییەکی جیددییە و چەندین جار بە فەرمی ئەوەمان دووپات کردووەتەوە و ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی ئێمە.”
هاوکات سەرۆک بارزانی لە بارەی دۆخی سووریا و ڕێککەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق کە لە ئاداری ئەمساڵ بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانییان واژۆ کرا و هێشتا جێبەجێ نەکراوە، ئاماژەی بهوه دا، نیگەرانە لەوەی دۆخی سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب خراپتر ببێت و وای لێ بێت دەستوەردانی دەرەکی ڕوو بدات.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردووەتەوە، “دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام بە شهڕ نا، چونکە شهڕ چارەسەر نییە، هاوکات دەسەڵاتی نوێ دەبێت هەموو پێکهاتە جیاوازهكانی وڵاتهكهی و تایبهتمهندییهكانیان لەبەرچاو بگرێت.”
لە بارەی هەڵوێستی تورکیا بەرانبەر سووریا، سەرۆک بارزانی گوتی: تورکیا پشتگیری پرۆسەی ئاشتی و ڕێککەوتنی مانگی ئاداری نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکات، بە هەمان شێوە ئێمەش پشتگیریی ئەو پرۆسەیە دەکەین. دەشڵێت: “پێکەوە هەوڵمان داوە ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکرێت”.
هەروەها سەرۆک بارزانی پێشوازی لە چەکدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) کرد و گوتی: پێم وایە ئەم هەڵوێستەیان دەبێتە هۆی ئاشتی لە ناوچەکە و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری زیندانیكراویان.































































