زاری كرمانجی-سۆران:
قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەھۆی ھاوسنووری لەگەڵ دوو وڵاتی دراوسێ و ھەبوونی جوولەی بازرگانی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ناوچەیەکی بازرگانی لە قەزای سۆران دروست دەکرێت و دەڤەرەکە دەکرێتە ناوچەیەکی گرنگی بازرگانی.
ڕەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران راگەیاند: دەڤەری سۆران ھاوسنوورە لەگەڵ ھەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا و جوولەیەکی زۆری بازرگانی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ھەیە، ھەوڵ دەدەین سۆران بکەینە ناوچەیەکی بازرگانی، بۆ ئەو مەبەستەش ناوچەیەکی بازرگانی لە سۆران دروست دەکرێت، چونکە سێ دەروازەی گرینگ لە سنوورەکە ھەن، ئەوانیش دەروازەی حاجی ئۆمەران و دەروازەی زێت لەگەڵ تورکیا و دەروازەی کێلەشین لە سیدەکان دەکرێتەوە.
قایمقامی ناوەندی سۆران گوتیش: ھەبوونی ناوچەیەکی بازرگانی کاریگەری لەسەر ڕەوشی بازرگانی و بووژانەوەی سۆران دەبێت، چونکە لە دێر زەمانەوە سۆران کاریگەری لەسەر ناوچەکە ھەبووە، یەکێک لەو کاریگەریانە ھەبوونی سنوورە بەرفراوانەکەیەتی لەگەڵ تورکیا و ئێران، ئەوەش جوولەی بازرگانی پەیدا کردووە لە ناوچەکە، شوێن بۆ دروست کردنی ناوچەی بازرگانی دیاری کراوە لە باپشتیان و دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
ڕەجەب زوبێر ڕوونی کردەوە: لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کار کراوە بۆ کردنەوەی ناوچەیەکی بازرگانی، چونکە ئیدارەی سەربەخۆ کاریگەری لەسەر سۆران پەیداکردووە و لەگەڵ ئەو ھەموو جولە بازرگانی و فراوانبوونەی سنوورەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە پێویستی بە ناوچەیەکی بازرگانیش ھەیە.