لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە ئەمنییە بەرفراوانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026 لە بەغدا دژی گەندەڵکاران بەڕێوەچوو، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە کە هێزە ئەمنییە عێراقییەکان لە ناوچەی سەوز دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر پارەی نەختینەی بەرپرسە دەستگیرکراوەکان، ئۆتۆمبێلەکان و کەلوپەلە گرانبەهاکانیاندا گرتووە.
ڕۆژنامەی “العربی الجدید” بڵاوی کردەوە، کە لە کاتی کێوماڵکردن و پشکنینی شوێنی نیشتەجێبوون و نووسینگەی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون، هێزە تایبەتەکان دەستیان بەسەر داراییەکی زۆردا گرتووە کە وەک بەڵگەی کارگێڕی و دارایی بەکار دەهێنرێن. لە ئێستاشدا گشت ئەو کەلوپەل و داراییانە لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە زەوت کراون تاوەکو ڕێکاری یاسایی پێویستیان لەبەرامبەردا بگیرێتە بەر.
































































