بە نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان سێ مانگ مۆڵەت دەداتە فەرمانبەران بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی “هەژماری من”.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گشت وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەكان بە وەزارەت ئاگەدار دەكاتەوە كە پێویستە لە زووترین كاتدا پڕۆسەی تۆماركردن لە پڕۆژەی (هەژماری من) تەواو بكەن، چونكە دوا مۆڵەت بۆ ئەم كاتە دیاریكراوە.
بەپێی نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی دارایی كە لە ڕێكەوتی 22ی حوزەیرانی 2026 بە واژووی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری دەرچووە، تێیدا هاتووە، لە دواین كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە بانكییكردنی مووچەی فەرمانبەران، بڕیاردراوە بە دانانی كۆتا مۆڵەت بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ تەواوكردنی گشت ڕێكارەكانی تۆماركردنی سەرجەم مووچەخۆران لە چوارچێوەی پڕۆژەی “هەژماری من”.
ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە بەپێی بڕیاری حكوومەتی فیدراڵ، هەر فەرمانبەرێك تا بەرواری 2026/8/31 ناوی خۆی تۆمار نەكات و كارتی بانكییەكەی وەرنەگرێتەوە، شایستەی دارایی و مووچەكەی لەلایەن حكوومەتی بەغداوە ڕادەگیرێت و بۆ حكوومەتی هەرێم نانێردرێت.
لەبارەی ئەوەی كە پڕۆسەی دروستكردنی كارتەكان لە كاتی خۆتۆماركردنەوە نزیكەی مانگێك كاتی دەوێت، وەزارەتی دارایی داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتەكان دەكات كە بەپەلە ڕێكاری پێویست بگرنەبەر و دڵنیابنەوە لەوەی كاتەكە تێنەپەڕێت و سەرجەم سوودمەندان تۆمار كرابن و كارتی بانكییان وەرگرتبێتەوە.
































































