د. ئازا کامەران:
هەوکردن یەکێکە لە میکانیزمە بەرگرییە سروشتییەکانی جەستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی و چاککردنەوەی شانە زیانلێکەوتووەکان، بەڵام بەردەوامبوونی بۆ ماوەیەکی درێژ، ڕەنگە ببێتە کێشەیەکی تەندروستی مەترسیدار و ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشی درێژخایەن زیاد دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی “parade”، پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە خۆپاراستن لە هەوکردنی درێژخایەن تەنها پشت بە چارەسەری پزیشکی نابەستێت، بەڵکو پەیوەندییەکی بەهێزی بە خووە ڕۆژانەیییەکانەوە هەیە؛ بەتایبەت بەیانیان کە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و باشترکردنی تەندروستی بە شێوەیەکی گشتی.
دیارترین و کاریگەرترین ئەو خووانەش ئەمانەن:
١. خواردنەوەی پەرداخێک ئاو لەکاتی بەخەبەرهاتندا:
چونکە دوای چەندین کاتژمێر لە خەوتن، جەستە پێویستی بە قەرەبووکردنەوەی شلە لەدەستچووەکان و سەرلەنوێ چالاککردنەوەی ئەندامە زیندەییەکانی هەیە.
٢. خواردنەوەی قاوە یان چا:
شارەزایان پێیان وایە کە خواردنەوەی کوپێک قاوە یان چا لە بەیانیاندا، دەکرێت ببێتە بەشێکی گرنگ لە شێوازی ژیانی تەندروست بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن، بەمەرجێک بڕێکی زۆر شەکری بۆ زیاد نەکرێت.
٣. پیاسەکردنی بەیانیان و وەرزش:
ئەمە یەکێکە لە سادەترین و بەسوودترین چالاکییەکان؛ جگە لە ڕۆڵی لە چالاککردنی سووڕی خوێن، جووڵەی بەردەوام جەستە هان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی ئەو ماددانەی کە دژە هەوکردنن.
٤. خواردنی ژەمێکی بەیانی دەوڵەمەند:
ئەم ژەمە دەرفەتێکی باشە بۆ دابینکردنی ئەو توخمە خۆراکیانەی کە دژی هەوکردن دەجەنگن. پزیشکان ئامۆژگاری دەکەن کە پشت بەو خۆراکە سروشتیانە ببەسترێت کە دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ، پرۆتین، دژەئۆکسانەکان و ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا سێ.
٥. ڕاهێنانی هەناسەدانی قووڵ:
دڵەڕاوکێی درێژخایەن ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕێت لە زیادبوونی هەوکردندا، بۆیە تەرخانکردنی چەند خولەکێک لە بەیانیاندا بۆ هەناسەدانی قووڵ، یارمەتی هێورکردنەوەی کۆئەندامی دەمار و کەمکردنەوەی سترێس دەدات.
































































