ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی 2019 تا 2026دا، گرنگییەکی فراوانی بە پەرەپێدانی ژێرخانی رێگاوبان داوە و سەدان پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری بە تێچووی تریلیۆنان دینار لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم جێبەجێ کردووە، هەروەها ژمارەیەک پڕۆژەی نوێش خراونەتە قۆناغی جێبەجێکردن.
بەپێی راگەیەنراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە شەممە 13ـی حوزەیرانی 2026 بڵاوکرایەوە، ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی پلانی کارنامەی حکوومەت بۆ ماوەی (2019-2026) ئەنجام دراون و ئامانجیان بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوە و ئاسانکردنی هاتوچۆی ناوخۆییە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا، 810 پڕۆژەی جۆراوجۆری کەرتی رێگاوبان بە کۆی تێچووی یەک تریلیۆن و 57 ملیار دینار تەواو کراون. ئەم پڕۆژانە بوونەتە هۆی دروستکردن یان نۆژەنکردنەوەی 3 هەزار و 55 کیلۆمەتر رێگا، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە باشترکردنی هاتوچۆ و پەیوەندیی نێوان شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبووە.
هاوکات، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، لە ئێستادا 227 پڕۆژەی ستراتیجیی دیکەی کەرتی رێگاوبان لە قۆناغی جێبەجێکردندان. بەپێی خەملاندنە فەرمییەکان، دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە، 2 هەزار و 239 کیلۆمەتر رێگای نوێ دروست دەکرێن و نۆژەن دەکرێنەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، کۆی تێچووی ئەم پڕۆژە بەردەوامانە 4 تریلیۆن و 179 ملیار دینارە و بە تەواوبوونیان، ژێرخانی گواستنەوە و تۆڕی رێگاوبانی هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە.
































































