ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئایاری 2026، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێزان: هەڵگورد شێخ نەجیب و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لیژنەی باڵای (پاراستن و چاککردنی ژینگە) بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەکە لە جێگرانی پارێزگار و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قایمقامەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانی (پۆلیس، ئەوقاف، فەرمانەگەی ژینگەی سۆران و ئامار ئامادەیبوون، وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند:
“رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی تایبەت بە پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی دەدات و بە شێوەیەکی مەیدانی چاودێری ڕێکارەکان دەکات”.
هاوکات، جەختکرایەوە کە دەبێت قائیمقامەکان، بەڕێوەبەری ناحیەکان و هێزە ئەمنییەکان لە سنووری ئیدارەی سۆران و پارێزگای هەولێر، وەک یەک تیم کار بکەن بۆ جێبەجێکردنی یاسا ژینگەییەکان و ڕێگریکردن لە هەر زیانێک کە بەر سروشتی کوردستان دەکەوێت.
بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاری توند درا بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە زێدەڕۆییەک بۆ سەر موڵکی گشتی.
جەختکرایەوە کە یاسا بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ دەکرێت و چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک ناکرێت کە دەستدرێژی بکاتە سەر زەوی و زاری حکومەت.
کۆبوونەوەکە داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد، بەتایبەت لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سۆران، پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرتنی سەیرانگاکان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی ببینن.
پاراستنی ژینگە نابێت تەنها هەڵمەتێکی کاتی بێت، بەڵکو پڕۆسەیەکی بەردەوامی ڕۆژانەیە و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران کە ڕێکاری یاسایی دەستبەجێ بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنەبەر.
ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
٢١ی ئایاری ٢٠٢٦
































































