مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند ئەگەر ئەمەریكا و ئیسرائیل هەڵەیەك بەرامبەر بە ئێران بكەن، تێچوویەكی قورس دەدەن و دەشڵێت “ڕێبەری ئێران بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی حەرام كردووە.”
مەجید تەخت ڕەوانچی، جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بارەی هەڕەشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەیان دەڵێ “ئەمریكا و ئیسرائیل ئەگەر تووشی هەڵەیەك ببن لە بەرامبەر ئێران، تێچوویەكی قورس دەدەن،”
سەبارەت بە دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریكا، ڕەوانچی ئاشكرای دەكات “ڕێبەری ئێران چوارچێوەی گشتی بابەتی دانوستان لەگەڵ ئەمریكای دیاری كردووە و ئێمەش پابەندی ئەو چوارچێوەین.”
ناوبراو لەبارەی چەكی ئەتۆمی بەو شێوەیە قسە دەكات و دەڵێ “سیاسەت و ستراتیژی ئێمە سەبارەت بە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی زۆر ڕوونە و ڕێبەری ئێران بەرهەم هێنانی ئەو جۆرە چەكەی حەرام كردووە.”

































































