زاری كرمانجی :
وەزارەتی پەروەردە داوای كۆمەڵێك زانیاریی تایبەت بە مامۆستایانی گرێبەست دەكات، بەرپرسێكی وەزارەتەكەش دەڵێت:”وەكو فەرمانبەر و مامۆستای هەمیشەیی هەژماری بانكی بۆ مامۆستایانی گرێبەستیش دەكرێتەوە.”
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكی دا كە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردەكان نێردراوە، تیایدا داوای ژمارەیەك زانیاریی تایبەت بە مامۆستایانی گرێبەست دەكات.
ئەوەش خراوەتە ڕوو دەبێت چەند زانیارییەك بۆ مامۆستایانی گرێبەستی حكوومی لە سیستەمی (ئی، پەروەردە) بە دروستی پڕ بكرێنەوە.
داوا كراوە ناوی چواری مامۆستایانی گرێبەستی حكوومی بە كوردی و ئینگلیزی بنووسرێت و ئاماژە بە ناوی سێیانیی دایكیشیان بكرێت.
وەزارەتی پەروەردە داواشی كردووە، رێكەوت و شوێنی لەدایكبوونی مامۆستا بنووسرێت و جەختیش كراوەتەوە: “ژمارەی كارتی نیشتمانی، یان ژمارەی ناسنامەی باری شارستانی و رێكەوتی دەرچوون و بەسەرچوونی لەگەڵ زانیارییەكان بێت.”
هەروەها داوا كراوە، شوێنی نیشتەجێبوون، باری خێزانی، مووچەی مانگانە، ژمارەی مۆبایل، یان ئیمێلی بنووسرێت.
بەپێی نووسراوەكە، دەبێت مامۆستای گرێبەست ناوی ئەو بانكە بنووسێت، كە كارتی (هەژماری من)ی دەوێت و دیاریش بكات حسابی لەو بانكە هەیە یان نا.
وەزارەتی پەروەردە جەختی كردووەتەوە، دەبێت تاوەكوو 20ی2ی2025، ئەو زانیارییانە لە سیستەمی (ئی، پەروەردە) لە لایەن بەكارهێنەری قوتابخانەكان تۆمار بكرێن.
































































