مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لە ڕاگەیاندراوێكدا داخستنی دەرمانخانەیەكی ڕاگەیاند كە بازرگانی بە بە دەرمانی هۆشبەر و كارتێكەرە هۆشیەكان كردووە .
لە ڕاگەیاندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هاتووە “دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن تیمەكانمانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی ، بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەرمانخانەیەكمان داخست و دوو تۆمەتبارمان دەستگیر كرد بە ناوەكانی (أ ، م ، ب ) كە یاریدەدەری پزیشكی دەرمانخانەیە و تۆمەتبار (أ ، ع ، أ).”
ئاماژە بەوەش كراوە كە ئەو دوو تۆمەتبارە هەستاون بە بازرگانی كردن بە دەرمانی هۆشبەر و كارتێكەرە هۆشیەكان و بەبێ پسوولەی پزیشك و دوور لە ڕێنمایە پزیشكییەكان و فرۆشتن و پێدانی بە كەسانی ئالوودەی ماددەی هۆشبەر.
لە ڕاگەیاندراوەكە ئەوەش خراوەتە ڕوو كە لە كاتی پشكنین بۆ دەرمانخانەكە، ژمارەیەكی زۆر دەرمانی قاچاخ و ڕێگە پێنەدراوی تەندروستی لە دەرمانخانەكەی هەبووە.

































































