زارى کرمانجى:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی ژمارە ( 336)ـی دەرکرد کە لێبووردنێکی تایبەتە بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان.
یەکشەممە ١٣ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٤، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “بەپێی ئەو فەرمانە، 17 حوکمدراو کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، لێبووردنە تایبەتییەکەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەیانگرێتەوە”.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات: “ئەو فەرمانە دەرئەنجامی راسپاردەیەکی پێشتری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی دادوەری، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بەندیخانە و چاکسازییەکان”.
دڵشاد شەهاب دەڵێت، “لیژنەکە لە ماوەی رابردوودا لە دۆخی ئەو حوکمدراوانەی کۆڵیوەتەوە کە سەرباری تەواوکردنی ماوەیەکی زۆری حوکمەکەیان، مەترسیییان نەماوە و دەتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بۆیە پێشنیازی ئازادکردنی کردوون”.

































































