مستەفا دۆلەمەری- مێرگەسۆر:
بەهۆی بوونی پەکەکە و شەڕو پێکدادان لەگەڵ تورکیا زیاتر لە ٦٥ گوند لە سنووری قەزای مێرگەسۆر چۆڵ کراون و هاوڵاتیانی ئەو گوندانەش داوا دەکەن ئەم دوو هێزە مەیدانی جەنگییان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان بگوازنەوە.
دلشاد ئەحمەد، دانیشتووی گوندی زێتێ لە دەڤەری بارزان، بە زاری کرمانجی راگەیاند:” نزیکەی ٣٥ ساڵە تاوەکو ئێستا لە گوندی خۆم نە ژیاوم هیچ خۆشیەکم لەو گوندە نەکردووە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی پەکەکە و تورکیا، ٪٣٠ رووبەری قەزای مێرگەسۆر هاتووەتە چۆڵ کردن، دانیشتووانی ئەو دەڤەرە ناتوانن تەنانەت بە سەردانیش بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان.
ئەم هاونیشتیمانییە باسی لەوەشکرد:” زەویەکی زۆر لەم گوندە هەیە بەهۆی هەبوونی شەڕی بەردەوام سوودی لێوەر ناگیرێت بۆ کاری کشتوکاڵی.
شێروان ئیبراهیم، هاوڵاتیەکی دیکەی ناوچەکەیە، بۆ زاری کرمانجی گووتی:” بوونی پەکەکە لەم دەڤەرە گرفتێکی زۆری بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە و بە هۆی ئەو شەڕو پێکدادانەوە، ئێمە لە رووی ئابوورییەوە زەرەرێکی زۆرمان بەرکەوتووە چوونکە ئەگەر پەکەکە نەبوایە گوندەکان کشتووکاڵی ئاژەڵدارییان تێدا ئەنجام دەدرا، بەڵام بەهۆی ئەو شەرو پێکدادانە ناتوانین بگەرێینەوە بۆ گوندەکانمان.
غەفور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، لەم بارەیەوە بە زاری کرمانجی راگەیاند:” بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٦٥ گوند چۆڵکراون ئەو گوندانەش زیاتر دەکەونە سنووری ناحیەی شێروان مەزن و ناحیەی بارزان، زیانێکی زۆر بەو گوندنشیانە کەوتوە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و بەردەوام بن لە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و هەنگەوانی.”
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، روونی دەکاتەوە:” ئەگەر بێتو پەکەکە ئەو گوندانە چۆڵ بکات ئەو خەڵکە هەمویان دەگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان ئاوەدان دەکرێنەوە، بوارەکانی ئاژەڵداری، کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆرسک سەرچاوەی داهاتێکی باش دەبوو بۆ خەڵکەکە و ئەمەش هاوکاریەکی باشی حکوومەت دەبێت، خەڵکێکی زۆر لەو ناوچانە کار دەکاتن بەڵام تاوەکو پەکەکە لەو ناوچانە بوونی هەبێت ئەو گوندانە ئاوەدان ناکرێنەوە.