مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
خەریكە سەربڕینی گوێدرێژ و ساغكردنەوەی گۆشتەكەی لە بازاڕەكانی وڵاتی میسر دەبێتە دیاردە، بڵاوبوونەوەی وێنەی پاشماوەی گوێدرێژە سەربڕاوەكان، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەی تووشی دڵەڕاوكێ كردووە و نیگەرانن لە خەم ساردی لایەنی پەیوەندیدار و ترسیان لەوە هەیە بازاڕی وڵاتەكەیان پڕ لە گۆشتی گوێدرێژ بێت.
لە چاڵێكی گەورەی پارێزگای فایوم لە میسر، پاشماوەی ئێسك و پروسكی سەدان گوێدرێژ دۆزرانەوە، كە گۆشت و پیستەكانیان لێ كراوەتەوە و تەنیا ئێسكەكانیان ماوەتەوە.
هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە باس لەوە دەكەن پاشماوەی زیاتر لە 100 گوێدرێژی سەربڕاویان لە ناوچەی حەمول دۆزیوەتەوە، سەرچاوە میدیاییە ناوخۆیییەكانی ئەو وڵاتەش هێما بۆ ئەوە دەكەن پێ دەچێت گوێدرێژەكان چەند مانگێك پێش ئێستا یان ڕەنگە لە هاوینی ڕابردووەوە پاشماوەكانیان فڕێ درابێت، هاوكات بەرپرسی ناوەندی شارەكەش لیژنەیەكی ڤێتێرنەری پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە و ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی ئەم كارە.
ئەمە جاری سێیەمە ڕووداوی سەر بڕینی بە كۆمەڵی گوێدرێژەكان هاووڵاتییانی وڵاتەكە تووشی شۆك دەكات، شەش ساڵ بەر لە ئێستا لە هەمان شوێن پاشماوەی 35 ئێسكەپەیكەری گوێدرێژ دۆزرایەوە، بۆیە میسرییەكان نیگەرانن و ترسیان لەوە هەیە فرۆشتن و ساغكردنەوەی گۆشتی گوێدرێژ لە بازاڕی وڵاتەكەیان ببێتە كارێكی ئاسایی و لە خواردنگەكان گۆشتی گوێدرێژییان دەرخوارد بدرێت و گۆشت فرۆشەكانیش لە جیاتی گۆشتی مەڕ و مانگا، گۆشتی گوێدرێژییان پێ بفرۆشن.